رووداوه‌كه چۆن بوو؟
ئه‌و مێردمنداڵه‌ى به چەقۆ له مامۆستایه‌كى سۆرانى دابوو ده‌ستگیر كرا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌هۆى رووداوێكى لێدانى چه‌قۆ له مامۆستای قوتابخانه‌یه‌كی ئیداره‌ى سۆران مێردمنداڵێك له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیركراوه و راگەیاندنى په‌روه‌رده‌ش ده‌ڵێت، پێناچێت پێشتر هیچ كێشه‌یه‌ك لەنێوان مێردمنداڵه‌كه و مامۆستایهكهدا هه‌بووبێت.
په‌روه‌رده‌ى ناوه‌ندى سۆران بڵاویكرده‌وه، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوێکی نەخوازراو لە قوتابخانەی بانەدەشتی بنەڕەتی تێکەڵاو، مامۆستایه‌كى وانه‌ى كوردى به‌ناوى رێباز شاباز، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی وانەوتەوە، مێردمنداڵێک بە ناوی (ر.م) به چه‌قۆ بریندارى ده‌كات.
مێردمنداڵه‌كه، لە دەرەوەی قوتابخانە دێتە ناوەوە و راستەوخۆ دەچێتە یەکێک لە ژوورەکانی خوێندن بۆ لای برازای بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە مامۆستاکە و مامۆستای ناوبراویش بە ئارامی پێیدەڵێت چاوەڕوان بێت تا کاتێکی گونجاو، بەڵام دوای دەستپێکردنی پشووی وانەی دووەم، ئەو مێردمنداڵە بە چەقۆیەک لە دواوە هێرش دەکاتە سەر مامۆستاكه و بە سووکی برینداری دەکات.
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌ده‌مین قادر، به‌ڕێوبه‌ره‌ى به‌شی راگەیاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى سۆران به 964ـى راگه‌یاند تا ئه‌وكاته‌ى مێردمنداڵه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیسهوهى ده‌ستگیر كرا، باوكى منداڵه‌كه سه‌ردانى پۆلیسی كردبوو و ئاماده‌یی ده‌ربڕیبوو كه تا ئه‌وكاته‌ى منداڵه‌كه‌ى ده‌ستگیر ده‌كرێت له پۆلیس بمێنێته‌وه.
وتیشی “هه‌ردوێنێ دواى وه‌رگرتنى رێكارى یاسایی پۆلیسى سۆران توانى مێردمنداڵه‌كه ده‌ستگیر بكه‌ن”.
بە قسەی بەڕوێوەبەری راگەیاندن پێناچێت هیچ کێشەیەکە پێشتر لەنێوان مامۆستاکە و قوتابییەکەدا هەبووبێت و ئەوەی روویداوە هەر لەسەر ئەو بابەتە بووە کە دوێنێ بووەتە هۆکاری رووداوەکە.
به‌پێی راگه‌یەندراوێكی پۆلیسیش ئه‌و مێردمنداڵه بە ناوی (ر.م.ت) کە هەڵاتبوو، لە لایەن مەفرەزەی بەشی پۆلیسی ناوشاری سۆران دەستگیرکرا و لەسەر بڕیاری دادوەری لێکوڵینەوەی سۆرانیش بە پێی ماددەی 413 لە یاسای سزادانی عێراقی، لێكۆڵًینهوهى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
له‌كاتى رووداوه‌كه‌شدا، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران رایگه‌یاندبوو كه بۆ پاراستنی ئاسایشی قوتابخانەکان و بەرزڕاگرتنی شکۆی مامۆستایان، رێوشوێنی یاساییان گرتووتەبەر و سکاڵایان لەسەر تاوانبارەکە تۆمار کردووە.