هێزەکانى سوریاى دیموکرات
"ئەوەى کرا هەڵبژاردن نەبوو"
ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات: بەهیچ شێوەیەک پابەندى هەڵبژاردنەکەى سوریا نابین
964+
وریا فەتاح
نوێنەرى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات لە هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک پابەندى هەڵبژاردنەکەى سوریا نابین. دەشڵێت: هەڵبژاردنەکە هەنگاوێکە بۆ پارچەپارچەکردنى سوریا.
هۆشەنگ دەروێش، نوێنەرى ئەنجومەنى سووریاى دیموکراتە لە هەرێمى کوردستان لەبارەى هەڵبژاردنەکەى سوریا بە 964ـى وت،”بەهیچ شێوەیەک پابەند نابین بەو هەڵبژاردنە، چونکە بەشدار نین تێیدا و هەڵبژاردنەکە هیچ بنەمایەکى یاسایى و دیموکراتى نییە”.
وەک باسى دەکات، پێکهاتە گەورەکانى باکورو رۆژهەڵاتى سوریا و دەروزەکان و بەشێکى عەلەوییەکان لە دەرەوەى ئەم هەڵبژاردنەن، بۆیە هەڵبژاردنەکە هەنگاوێکە بۆ پارچەپارچەکردنى خاکى سوریا.
“کاتیک هیچ پێکهاتەیەکى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا و پێکهاتەى دەرۆزى و بەشێک لە عەلەوییەکان بەشدار نەبن ئەوە چ هەڵبژاردن و پەرلەمانىێکى گەلە، پەرلەمانێک رەنگدانەوەى پێکهاتەکانى سوریا نەبێت چ پەرلەمانێکە”، هۆشەنگ دەروێش واى وت.
جەختیشى کردەوە، هەڵبژاردنەکە هەنگاوێکە بۆ ئەوەى شەرعییەت بەخۆى بدات (مەبەست لێى ئەحمەد شەرع)ـە.
روونیشى کردەوە کە هەڵبژاردنەکە دووبارە بەرهەمهێنانەوەى سیستمى شمولى و یەک رەنگى و یەک عەقڵییەتە لە سوریا، بۆیە وەک دەڵێت:”ئەگەر وابێت داهاتووى سوریا بەرەو نائارامى و ئاڵۆزى دەڕوات”.
دوێنێ یەکشەممە، سوریا یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد ئەنجام دا کە تێیدا پڕۆسەکە بەشێوەى راستەوخۆ نەبوو، چونکە لە جیاتى هاوڵاتیان، “کۆلێژەکانی هەڵبژاردن” نوێنەریان بۆ دوو لەسەر سێی کۆی 210 کورسییەکەی پەرلەمان هەڵبژارد و سهرۆكی كاتی، ئهحمهد شەرعیش 70 نوێنەرى دیاری کرد.