964 چووەتە کەناڵەکە

ئەمریکا چی دەوێت لە کەناڵی پەنەما؟

964+

ژووری هەواڵ

ئەم رێڕەوە ئاوییە، شادەماری ئابووری جیهانە، ساڵانە 37 هەزار کەشی بێرەدا تێپەڕدەبن، خۆ ئەگەر ئەم دەرچەیە نەبێت ناچارن هەزاران کیلۆمەتر ببڕن و بە دەوری کیشوەری ئەمەریکای باشووردا بسوڕێنەوە.

کەناڵی پەنەما یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین شاکارە ئەندازیارییەکان کە ئێستا بووتە جێی ململانێیەکی گەورەی جیهانی و ترەمپ دەیەوێت بیخاتەوە ژێر رکێفی ئەمەریکاو چین و هیندستانیش دەیانەوێت مشوورێکی خۆیان بخۆن.

رێڕەوی پەنەما درێژیەکەی 82 کیلۆمەترەو ھەردوو زەریای ئەتڵەسی و زەریای ھێمن بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ساڵی 1881 فەرەنسییەکان دەستیانکرد بە هەڵکەندنی ئەم کەناڵە، بەڵام بەهۆی سەختی کارەکەو بڵاوبوونەوەی نەخۆشی نزیکەی 22 هەزار کرێکار تیایدا گیانیان لەدەستداو فەرەنسییەکان شکستیان تیادا هێنا، ساڵی 1904 ئەمەریکا پرۆژەکەی گرتە دەست لە ماوەی 10 ساڵدا تەواوی کرد، شێوازێکی سەیر لە دروستکردنی کەناڵەکەدا پەیڕەو کراوە کە تیایدا هەر کەشتییەک وەک ئاسانسۆر بە چەند حەوزێکی پڕ لە ئاو بەرزدەکرێتەوەو لە دیوی ئەودیوەیشەوە دادەبەزێ تا کەناڵەکە تێدەپەڕێنێت.

کامێرای 964 چووە کەناڵی پەنەما و دیمەنی هاتوچۆ سەیرەکەی کەشتییەکانی تۆماردکرد، ئەمانە بەشێکن لەو دیمەنانە.

ساڵی 2016 پرۆژەی گەورەکردنی کەناڵەکە جێبەجێکرا بۆ ئەوەی توانای هەبێت کەشتی گەورەتر بپەڕێنێتەوە.

لە سەرەتای دروستکردنی کەناڵەکەوە ئەمەریکا دەسەڵاتی بەسەریدا هەبوو، بەڵام ساڵی 1977 دەسەڵاتی کەناڵەکە گەڕێندرایەوە بۆ پەنەما و وەک ناوچەیەکی بێلایەن حیسابی بۆ کرا.

لەیەکەم رۆژی هاتنەوە سەر دەسەڵاتی ترەمپ رایگەیاند دەبێت ئەو کەناڵە بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا، چونکە کرێی گواستنەوەی لەسەر کەشتییە ئەمەریکییەکان زیادکردووەو هۆکارە بۆ گرانبوونی کاڵا لە ئەمەریکا، ئەمەش مشتومڕی زۆری بەخۆیدا هێنا.

بۆ شوێنگرەوەی پەنەما دەمێ ساڵە کەڵکەڵەی ئەوە داوێتی لە مێشکی وڵاتە گەورەکان کە لە نیکاراگوا کەناڵێکی تر بکەنەوە بۆ گرێدانەوەی هەردوو زەریاکە، ئێستا چین بە پشتیوانی هیندو روسیا جدیتر بیری لێ دەکاتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە زۆر زەحمەتەوە دەبێ بە درێژایی 270 کیلۆمەتر خاکی نیکاراگوا هەڵبدڕن، کە ئەمەش زۆر زەحمەتەو نازاندرێت دەرفەتی سەرکەوتنی چەندە.

"سەردەمی زێڕینی ئەمریکا ئێستا دەستی پێکرد"