حکومەتی دیمەشق یەخەی کوردانی گرتووە
کورد چاوەڕێی دانوستانی نوێ بوون بەڵام رێگەیان لێداخرا
ژووری هەواڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکیتر یەکێک لە رێگا سەرەکيیەکانی نێوانی شارەکانی ئيدارەی خۆسەری دیموکراتیک لە رۆژئاوای کوردستان (باکووری سوریا) و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق لەلایەن ئاسایشی گشتییەوە داخرا.
لەم بارەیەوە نوێنەری خۆسەری دیموکراتیک لە هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “ئەوەی ئەنجام دەدرێت وەک فشارێک لە بەرامبەر ئێمە دەکرێت و ناڕەوایە، ناتوانن بەردەوامی بەمە بدەن و ئەمە رێگایەکی سەرەکی و بازرگانییە و پەیوەندە بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە”.
فەتحوڵا حوسەینی باس لەوەش دەکات، “ئەحمەد شەرع دەیەوێت ببێتە پاڵەوانی پارچەکردنی سوریا و هێزە دەرەکییەکان بەڕێوەی دەبەن، ئەمەش لای ئێمە جێگای قبوڵ نییە، چونکە ئێمە خاوەن هێز و سیستم و پێگەی خۆمانین”.
ئەمە لە کاتێکدایە لە 27ی ئەیلولی ئەمساڵ رێگای دێر حەفر-حەلەب بە رووی رۆژئاوادا داخرا، تاکە رێگایەک کە بە دەستی کوردەکانەوە مابوو بۆ گەشتن بە شارەکانی تری سوریا، رێگای سەلەمیە – تەبقا بەکاردەهێنرا، ئەمڕۆش رێگاكە بە رووی دانیشتووانی ناوچەکەدا داخرا؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە چەند ناوچەیەکی سوریا، جگە لە ناوچەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە رۆژئاوا و سوەیدا.