"مامۆستا خۆشم ئەوێیت و رۆژی تۆ جەژنی منە"
ئەمڕۆ؛ رۆژی جیهانیی مامۆستایە
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، یادی رۆژی جیهانیی مامۆستایان بەرز رادەگیرێت، رۆژێک بۆ رێزگرتن لە خەبات و ماندووبوونی مامۆستایان لە سەرتاسەری جیهان.
لەدواى ساڵى 1994ـەوە رۆژى 5ـى ئۆکتۆبەرى هەموو ساڵێک، لەلایەن رێکخراوى یونسکۆوە وەک رۆژى جیهانیی مامۆستایان دیاریکراوە،دروشمی سەرەکیی ئاھەنگەکانی ئەمساڵ بریتییە لە “داڕشتنەوەی پیشەی وانەوتنەوە وەک پیشەیەکی هاوبەش”، کە جەخت لەسەر گرنگیی هاوکاری و کاری بەکۆمەڵ لەنێو مامۆستایان و قوتابخانە و سیستمی پەروەردەدا دەکاتەوە.
بەپێی پەیامی هاوبەشی یونسکۆ، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO)، یونسێف و رێکخراوی پەروەردەی نێودەوڵەتی (EI)، زۆرێک لە مامۆستایان لە سیستەمە پەروەردەییەکاندا بە تەنها کار دەکەن و لە ژینگەیەکی دابڕاودن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر کوالێتیی خوێندن و مانەوەی مامۆستایان لە پیشەکەیاندا هەیە.
پێگەی مامۆستای لە کۆمەڵگەى کوردیدا
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، پیشەی مامۆستایی هەمیشە وەک ئەرکێکی پیرۆز سەیر دەکرێت، لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستاندا، نازناوی “مامۆستا” وەک نیشانەی رێزێکی زۆر بۆ کەسانی خوێندەوار و تێگەیشتوو بەکارهاتووە.
بەڵام لەگەڵ ئەم پێگە بەرزە مێژووییەدا، مامۆستایانی کورد لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی سەخت بوونەتەوە، لە باشووری کوردستان، مامۆستایان ساڵانێکە بەدەست کێشەی بژێوی ژیان و دواکەوتنی مووچەوە دەناڵێنن، کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و باری دەروونیی مامۆستایان هەبووە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، مامۆستایان جگە لە کێشە ئابوورییەکان، رووبەڕووی گوشاری سیاسی و ئەمنی دەبنەوە، چالاکییە پیشەیی و سەندیکاییەکانیان سنووردار دەکرێتەوە و زۆرجار بەهۆی هەڵوێستەکانیانەوە سزای کارگێڕی، دوورخستنەوە و تەنانەت زیندانیکردنیشیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
مامۆستا لە ئاوێنەی ئەدەبی کوردیدا
پێگەی بەرزی مامۆستا لە ئەدەب و شیعری کوردیدا رەنگدانەوەی فراوانی هەبووە، شاعیران هەمیشە مامۆستایان وەک سیمبولی زانست، رووناکی و پێشکەوتنی کۆمەڵگە وەسف کردووە، مامۆستا “هێمن موکریانی” و “هاواری شاعیر” و چەندین شاعیری دیکە لە شیعرەکانیاندا ستایشی رۆڵی مامۆستایان کردووە.
یەکێک لەو شیعرە جوانانەی کە بۆ مامۆستا نووسراوە، شیعری “مامۆستا”ی شاعیر “شەفیع جەهانگیری (شیار)”ـە کە دەڵێت:
مامۆستا خۆشم ئەوێیت و رۆژی تۆ جەژنی منە
ریزی تۆ بەرز و بڵیندە سەد هیندی بەژنی منە
خێر و چاکەت نابڕێ قەت، هەروەک بەحری بێبنە
رۆڵی تۆ زۆرباش ئەزانێ، هەرچی دۆست و دوژمنە
ئەرکی فێرکردن گرینگە، کاری پێغەمبەر بووە
کێ ئەڵێ خزمەت بە میللەت سوک و بێ لەمپەر بووە؟!
مامۆستا باسکی بەهێز و بڕبڕەی پشتی گەلە
تا لە دەستت نەچووە، حەیفە، باش بقۆزە ئەم هەلە
بەختیار زێوەرى شاعیر لە باسى مامۆستادا لە 26.2.1947 ئەم شیعرەى نوسیوە:
مامۆستا گیان تۆ لای من زۆر پیرۆزی
تۆ لە باوکم زیاتر بۆ من دڵسۆزی
جوان هەست ئەکەم بە زوبانێکی شیرین
پێم ئەبەخشی زانستی خۆت چین بە چین
هێزی دڵ و دماغت هێندە بەرزە
وتارەکەم هەستیم دێنێتە لەرزە
تۆ بە بیری ڕووناک ڕێگەی ژیانم
ڕۆشن ئەکەی چەوتیم ئەدەی نیشانم
ئاگام لێیە بەباسی کرداری جوان
ئەمخەیتە سەر شەقامی ڕاست و ڕەوان
زۆر حەز ئەکەی وەک دانیشتووی ڕۆژئاوا
خۆم و هۆزم بەرز بینەوە بێ داوا
لە مەیدانی ژیانا سەربەخۆبین
زانا و هوشیار لەگەڵ یەک بێ درۆبین
مامۆستا گیان تۆ پێشەوای جوانانی
چرای ڕووناکیی خاکی کوردستانی
لە نیشتمانا سەرکردەی زانستیت
بنچینە دانەری قەڵای سەربەستیت
بەڵام سەد ئاخ ئەوەمان ناتەواوە
لای کورد هێشتا قەدرت باش نەزانراوە
ئەمجا تۆش گەورەم چونکە ئێجگار ژیری
لام وایە لەم حاڵە کەمێ دڵگیری
باوەڕ ناکەم ئەوەش عەزمت بشکێنێ
دانا هیچ کاتێک عەزمی نانەوێنێ
ڕۆژێک ئەبێ قەدرت بگرن بە چاوان
لەبەر دەمتا بوەستن تیپی لاوان
هەیکەلێکت بۆ بکەن گشتی ئاڵتوون
گوڵبارانی بکەن بە شەوقی دەروون
هیوای من و تۆ ئەوسا دێتە مەیدان
کوڕنووش بەرن بۆ هەیکەلت پیر و جوان