"ھاوڵاتییان پەیوەندیمان پێوە دەکەن"
ھاتوچۆی گەرمیان؛ هەر پۆستەرێک گرفتی دروستکردبێت سبەینێ لێیدەکەینەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
پێش دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن، ھاتوچۆی گەرمیان کاندید و لایەنە سیاسیەکانی ئاگادارکردەوە کە پوستەرەکانیان لەو جێگایانە دانەنێن کە گرفت بۆ شۆفێران دروست بکات.
پاش دوو رۆژ لەو وادەیە، وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان دەڵێت، خەڵک زۆر تەلەفۆنمان بۆدەکات و گلەییان لە دانانی پۆستەرەکان ھەیە.
سامان عەلی، وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان ئەمڕۆ شەممە 4.10.2025 بە 964ى وت،سبەینێ تیمێکی ئەندازەی ھاتوچۆ دەڕۆنە شەقامەکان، پۆستەری ھەر کاندیدێک گرفتی بۆ ھاتوچۆی شوفێران دروستکردبێت لێیدەکەینەوە.
دوو رۆژە بانگەشە دەستیپێکردووە، بەڵام چەندینجار ھاوڵاتیان تەلەفۆنیان بۆمان کردووە و گلەییان لە دانانی پۆستەرەکان ھەبووە و دەڵێن، لە شوێنی گونجاو دانەنراون، سامان عەلی وای وت.
ھاتوچۆی گەرمیان پێشتر ئاماژەی پێکردبوو، ھەر کاندیدێک پێشێلکاری بکات و گرفت بۆ ھاتوچۆی شۆفێران دروست بکات، دەیدەن بە دادگا، بەڵام تائێستا لەسەر ئەو رێکارە هیچ هەنگاوێک نەنراوە و بە فەڕمی باس نەکراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا