هەولێر

یەكشەممە چەكی پارەی جوتیاران دابەش دەكرێت

ئەرسەلان عەبدوڵا

ليژنەی باڵای بەبازاڕكردنی گەنمی جوتياران لە بڵاوکراوەیەکیدا جوتیاران ئاگادار دەکاتەوە، رۆژی یەکشەمەی داهاتوو دابەشکردنی چەکی جوتيارانی هەولێر دەستپێدەکات.

بڵاوكراوەكە لە پەیجی فەرمی پارێزگای هەولێر ئەمشەو هەینی 3.10.2025 پۆست كراوە و دەڵێت، رۆژی 5.10.2025 كە دەكاتە یەكشەممەی داهاتوو، چەكی پارەی جوتیاران دابەش دەكرێت لە سنووری پارێزگای هەولێر.

هەروەها ئاماژە بەوەكراوە، لە زنجیرە 1 تا 150 کە گەنمەکانیان رادەستی سایلۆی هەولێر کردووە، پارەکانیان لە بانکی  TBIوەردەگیرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا تێبینیی ئەوە دراوە، هاوشێوەی سیستمی سایلۆکان، ئەو جوتیارانەی گەنمەکانیان لە 50 تۆن بۆ خوارەوە رادەستی سایلۆ کردووە، دەتوانن سەردانی سایلۆ بکەن بۆ وەرگرتنەوەی چەکی پارە.

لە بڵاوكراوەكەدا هاتووە، ئەوانەشی زیاتر لە 50 تۆن گەنمیان رادەستی سایلۆ کردووە، لە هاتنی پارەی گەنم لە داهاتوودا سوودمەند دەبن.

هاوكات رێنماییەكانیش روونكراوەتەوە، كە ئەو کەسەی چەکی بەناوە، دەبێت خۆی ئامادەبێت، یاخود بریکارنامەی (وەکالە) پەسەندکراوی ئەم ساڵی هەبێت، ئەگەر خاوەن چەکیش وەفاتی کردبێت، دەبێت دابەشنامەی (شرعی یان یاسایی) بهێنێت لەگەل بریکارنامەی گشت وارسەکان.