ترەمپ دوامۆڵەت دەداتە حەماس
“تا یەكشەممە رێككەوتن نەكەن دەرگای دۆزەختان بەسەردا دەكەینەوە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵدۆ ترەمپ دوامۆڵەتی بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دا بۆ رێككەوتن و راگرتنی شەڕ، كە ئێوارەی یەكشەممەی داهاتووە، وتیشی، ئەگەر رازیی نەبن ئەوا دەرگای دۆزەخیان بەڕوودا دەكەنەوە.
سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ هەینی 3.10.2025 لە پۆستێكدا لە تروس سۆشیال نووسیویەتی، “دواهەلە بۆ حەماس لە بارەی رێككەوتن سەبارەت بە غەززە، ئەگەر وانەكەن دەرگای دۆزەخیان بەڕوودا دەكەینەوە، كە نموونەی نەبووبێ”.
وتیشی، “پێویستە بگەینە رێككەوتن لەگەڵ حەماس تا كاژمێر شەشی ئێوارەی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بە كاتی واشنتن”.
سەرۆكی ئەمریكا داوای لە حەماس كرد، بارمتەكان ئازاد بكەن، تەرمی مردووەكانیش رادەست بكەنەوە، هەر ئێستا، هەموو وڵاتانیش لەسەر پلانی غەززە رێككەوتوون، ئەو رێككەوتنە ژیانی چەكدارانی حەماسیش دەپارێزێت، ئەوانەی ماون.
ترەمپ هەروەها نووسیویەتی: پێویستە هەموو فەڵەستینییە بێ تاوانەكان هەرئێستا ناوچەكە جێبهێڵن و رووبكەنە شوێنی پارێزراوتر لە غەززە، كە ئەو شوێنە رەنگە ببێتە هۆی مردنیان لە داهاتوودا، هاوكار و چاودێرییەكی باشی هەموو ئەوانەش دەكرێت كە چاوەڕێی هاوكاریی دەكەن.
ترەمپ لە رۆژانی رابردوو چەند رۆژێك مۆڵەتی بە حەماس دابوو رێككەوتن بكەن و كۆتایی بە شەڕ و كوشتار بهێنن، بەڵام بزووتنەوەكە داوای كاتی زیاتریان كرد بۆ بیركردنەوە و بڕیاردان لەسەر رێككەوتنەكە.
شارەزایانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە گوێرەی میدیا عەرەبییەكان، پێشبینیی دەكەن حەماس بە رێككەوتنەكە رازیی بێت.