گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان:

“گرفتی دانیشتووانی قەیوان چارەسەر دەکەین؛ کێشەی ئاو و رێگایان نامێنێ”

964+

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

بەهۆی جێبەجێکردنی بەشێک لە پڕۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ دانیشتووانى گەڕەکى کەڵەکن، گردبووەنەوە و ناڕەزاییان دەربڕی، بەرپرسی راگەیاندنی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە بە 964ـی وت، بەزووترین کات کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت و بە شێوەیەکی سەردەمیانە کێشەی ئاو و رێگاوبانیان بۆ چارەسەر دەکەن.

دلێر کەمال وتی، هێڵی ئاوەکەیان بۆ دەگوازنەوە و بۆ ئەوەش رەزامەندی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پێویستە، ئەوەش کاتێکی زۆری ویستووە، لەئێستاشدا هەموو رێکارە یاساییەکان تەواو بوون، تۆڕی ئاوەکەش تەواو بووە و تەنیا ئەوە ماوە کە ئاوی رەئیسی بخرێتەوە سەر تۆڕەکە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو رۆژەوەی کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی گواستنەوەی ئەو تۆڕی ئاوە، بە تانکەر ئاویان بۆ دانیشتووانی ئەو چەند گەڕەکەی کەڵەکن دابین کردووە و گرفتی کەمئاویان نەبووە.

باسی لەوەشکرد، پێشتر ئەو گەڕەکە هەر رێگایەکی خۆڵیان هەبووە، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی سەردەمیانە رێگایەکیان بۆ دروست کردوون و بەستوویانەتەوە بە گەڕەکەکانی کوردساتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوەڕۆیان بۆ گەڕەکەکانی کەڵەکن دروست کردووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

دانیشتووانى کەڵەکن هاواریان لێ هەڵساوە

دانیشتووانى کەڵەکن هاواریان لێ هەڵساوە