راپۆرتێك لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە

لە 9 مانگدا 38 قوتابیی کورد و بەلووچ لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر کراون

964+

فەرهاد حەسەن

بەپێی راپۆرتێك، كە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە رۆژهەڵاتی كورردستانەوە بڵاویكردووەتەوە، لە 9 مانگدا 38 قوتابیی کورد و بەلووچ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیر کراون.
لەناو قوتابییە دەستبەسەركراوەكان منداڵانی خوار 18 ساڵی تێدایە.

رێکخراوەكە دەڵێت، لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودای ئیمساڵدا لانیکەم 38 قوتابیی خوار تەمەن 18 ساڵ، لە شارە جیاوازەکانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە 20 قوتابیان کوردن و نەتەوەكانی بەلووچ و عەرەبیشییان لەگەڵدایە.
بە گوێرەی ئەم راپۆرتە، زۆربەی قوتابیە دەستبەسەرکراوەكان منداڵ و تیاشیاندایە مێردمنداڵن لەنەتەوەكانی کورد و بەلووچ، ئەو منداڵانەی بە شێوەی رێکخراو لە مافی خوێندن بە زمانی دایک بێبەشكراون.

رێکخراوەكە بڵاویكردووەتەوە، ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی كردوویانە، بەشێوازێكی رێكخراو كراوە لە دژی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان لە ئێران، نەك تەنیا لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەڵکو لە بواری خوێندن و پەروەردەشدا بەکار دەهێنرێت و بە شێوەی راستەوخۆ هەڕەشە دەخاتە سەر داهاتووی خوێندنی دەیان مێرمنداڵ.