"بە سەرپێچی تۆمار نەکراون"
هێشتا بانگەشە دەستی پێنەکردووە پۆستەر و فلێکس لەناو بازاڕی سلێمانی دانراون
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
هێشتا بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێنەکردووە، لەناو بازاڕی سلێمانی و چەند شوێنێکی دیکە، ژمارەیەک پۆستەر و فلێکس دەبینرێن کە تەنیا ژمارەیان لەسەرە، نوێنەری کۆمسیۆنیش دەڵێت، بە سەرپێچی تۆمار نەکراون.
ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سلێمانی بە 964ـی وت، لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە پۆستەرانە بەغدادیان ئاگادارکردووتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی وێنەی کاندیدەکانیان لەسەر نییە و دیار نییە هی چ حزب و لایەنێکن، بە سەرپێچی تۆمار نەکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە 12ـی ئەمشەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات، بۆ هەڵواسینی فلێکس و پۆستەریش دەبێ لیست و قەوارەکان مۆڵەت لە شارەوانییەکان وەربگرن.
ئامانج عەزیز وتیشی، بۆ ئەم هەڵبژاردنە گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراوە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی یەک ملیۆن و 208 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری