ئامێری شووشتنی گورچیلە لە دەربەندیخان هەیە؟

964+
زینوێ حەسەن

لە نەخۆشخانەی دەربەندیخان، ئامێری شووشتنی گورچیلە نییە، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی نه‌خۆشخانه‌ی سه‌یدسادقیش ده‌ڵێت “ئامێرمان بۆ ناردوون و به‌كاری ناهێنن”.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر هاوڵاتییه‌ك به‌ ناوی ئه‌كره‌م محه‌مه‌د ره‌زا له‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌هۆی نه‌خۆشی گورچیله‌ گیانی له‌ده‌ستدا و له‌ دوای خۆی نامه‌یه‌كی جێهێشتووه‌، كه‌ ده‌گوترێت هی ئه‌وه‌، تێیدا نووسیویه‌تی “هه‌ردوو گورچیله‌م له‌ كار كه‌وتوون…..هۆكاره‌كه‌شی پیسیی ئاوه‌كه‌یه‌”.

هاوكات هه‌ر له‌ نامه‌یه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، هه‌فته‌ی سێجار له‌ سه‌یدسادق شووشتنی بۆ گورچیله‌ی كردووه‌.

دکتۆر هێمن نوری حەسەن، بەڕێوه‌بەری پێشووی نەخۆشخانەی شه‌هید شه‌وكه‌وت له‌ سه‌یدسادق، له‌ پۆستێکدا له‌ فه‌یسبووك نووسیویەتی “من وەک بەڕێوبەری پێشووی نەخۆشخانەی سه‌یدسادق، ساڵانی 2014- 2015  نزیكه‌ 3 بۆ6 ئامێری شووشتنی گورچیلەمان بە شێوەی “موناقه‌له‌” بۆ دەربەندیخان گواسته‌وه‌،  کە ئامێرەکان ئیشیان پێ دەکراو بێ عەیب بوون تا کاتی گواستنەوەی بۆ ده‌ربه‌ندیخان ئیشمان پێده‌كرد، به‌ڵام ئێستا كه‌ ئیشی پێناكه‌ن، ده‌بێت به‌رپرسانی ته‌ندروستی له‌م شاره‌دا جواب بده‌نه‌وه‌”.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ دکتۆر بەرات ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ده‌ربه‌ندیخان بە تۆڕی 964ی وت “ماوەی هه‌فتەیەک دەبێت دەستم لە کار کێشاوەتەوە و ئێستا بەڕێوه‌بەری نەخۆشخانەکە نیم، بەڵام لەو ماوەیەی کە دەستبەکاربووم، وەک بەڕێوه‌بەرێک رۆژانە لە شارەکانی وەک هەڵەبجە، پێنجوێن، زەڕایەن و دەربەندیخان نەخۆش بۆ چارەسەر و شوشتنی گورچیلە ده‌هاتنە نەخۆشخانەکە و سوودیان لێوه‌رده‌گرت، به‌ڵام ئێستا زانیاری زیاترم لا نییە و نەخۆشخانەكه‌ بێ بەڕێوبەرە.