هەولێر
یادەكانی قاوە و بەساڵاچووان و ئەربیل ئولا تێكەڵ بەیەك كران
+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
رۆژی جیهانیی قاوە، پێشانگەی فۆتۆ و رۆژی بەساڵاچووان، هەروەها 105 ساڵەی دامەزراندنی قوتابخانەی اربیل ئولا، هەمووی لە سەرەتایی پاییزدا ئەمڕۆ كرایە یەك یاد و بەرز راگیرا.
بۆنەكە وەك فێستیڤاڵێكی لێهات و لە پاركی خانەنشینانی هەولێر بە پێشكەشكردنی قاوە و نیشاندانی وێنەی بەساڵاچووان بەڕێوەچوو .
شێرزاد رەسوڵ رێكخەری چالاكییەكە بۆ 964 وتی، ئەو كەسانەی خزمەتیان كردووە نامانەوێت لەیادیان بكەین، پێكەوە بەستانەوەی ئەم یادانەش بۆ هاوكاتبوونی لەگەڵ یەكەم رۆژی پاییزە، بۆیە ئەمڕۆ 30 وێنەمان نیشان دا، گەنجێكی دەستڕەنگینیش قاوەی پێشكەش دەكرد، ئەو كەسانەشی خزمەتی پەروەردەیان كردووە لە هەولێر لە بۆنەكەدا كۆكرانەوە.
د. شیرین لەشكر، ژنێكی قسەخۆشی بەتەمەنە و خانەنیشنە، ئەو بۆ 964 وتی، “لەگەڵ هاوسەرەكەم بەیەكەوە دێین بۆ پاركی خانەنشینان ساڵانیكی زۆر خزمەتم كردووە هەر بڵێی د. شیرن دەمناسن، ئێستا خەڵكیش زیاتر قاوە دەخوات، منیش رۆژانە چوار كوپ قاوە دەخۆمەوە .”
رەسول گەوهەری زیاتر لە 30 ساڵە كاری فۆتۆگرافی دەكات و ئەویش بە سێ وێنە بەشداریی پێشانگەكەی كرد، وتیشی، “تەنیا تەكنەلۆژیا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەگینا هەموو شتەكان وەك خۆیەتی.”
ناهیدە قەرداش، ژنە سەرپەرشتیارێكی خانەنشینی پەروەردەیە و بۆ 964 وتی، “دڵخۆش بووین بەم چالاكییە، خۆم حەزم لە قاوەیە و بۆ بەساڵاچووانیش باشە و زاكیرەیان باش دەكات .”
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا