دوای هەشت ساڵ
ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگەی ڤێرتێرنەری مەخمور هەڵکرایەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لەدواى رووداوەکانى 16ـى ئۆکتۆبەرى 2017ـەوە، بۆیەکەمجارە ئاڵاى کوردستان لەسەر فەرمانگەى ڤێرتێرنەرى مەخمور بەرز دەکرێتەوە و ئەمڕۆ دووبارە ئاڵاکە هەڵکرا.
شوان ئەنەس، کارمەندی فەرمانگەی ڤێرتێرنەرى مەخمور بە 964ـى وت،” ئەو شوێنە دوو فەرمانگە تێکەڵکراون کە بەشی کوردی و عەرەبی هەیە، ژمارەیە فەرمانبەر لەسەر هەولێرن و ژمارەیەکى تریش سەر بە پارێزگای موسڵن، هەر ئەوەش هۆکار بوووە بۆ ئەوەی دووبارە ئاڵای کوردستان هەڵبکەنەوە”.
وتیشی،” بە هەردوو بەشەکە زیاتر لە 30 کارمەند لە فەرمانگەی ڤێرتێرنەری دەوامی فەرمی ئەنجامدەدەن”.
لەدواى رووداوەکانى 16ـى ئۆکتۆبەرى 2017 و لێکەوتەکانى ریفراندۆم، ناوچە کێشەلەسەرەکانى مەخمور و کەرکوک و دیالە، تووشى ئاستەنگى بوون و ئاڵاى کوردستان لەو شوێنانە داگیرا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح