گەڕاندنەوەی کۆچبەران لە لیبیا - وێنە: میدیا خۆجێییەکان
ناڕەزایەتی دروستبووە
دەیانگەڕێننەوە؛ لەناو لیبیا 12 کۆچبەر کوژراون
964+
ئەحمەد مستەفا
سێ رۆژە لە چەند ناوچەیەکی لیبیا، خەڵکی خانەخوێ کەوتوونەتە پەلاماردانی کۆچبەران، کە ئامانجیانە لە سنوورە ئاوییەکانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بچن، کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا دەڵێ، بەهۆی ئەو پەلاماردانانەوە 12 کۆچبەر کوژراون.
دوای ئەو ئاڵۆزییانە، لەو وڵاتە هەڵمەتێکی گرتن و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەستیپێکردووە، ئەوەش لە لایەن پۆلیسی بەشی رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەری نایاسایی و هێزەکانی ناخۆ و هێزی دەریاوانی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29.9.2025، پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا بە 964ی وت، لەسەر کوژرانی 12 کۆچبەرەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، رێخراوە نێودەوڵەتییەکان دەنگیان بەرز کردووەتەوە بەرامبەر بەو ڕرەفتارانەی خەڵکی لیبا و دەسەڵاتداران، ئەوەی دەرکەتووە، زۆرینەیان خەڵکی وڵاتانی ئەفریقا بوون.
ئێستا لیبیا یەکێکە لە دەرچە گەرمەکانی تێپەڕین بەرەو ئەوروپا لە سنوورە ئاوییەکەیەوە، کۆچبەرێکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچن ئەو وڵاتە، لەنێویاندا هاوڵاتی کوردیش بوونی هەیە، ئەو وتی. ئێستا کۆچبەران وەک تەکنیک فێری ئەوە بوون، بە تێکەڵی و لە یەختی جیاواز گەشتە قاچاغەکەیان دەکەن.
لەبارەی ناجێگری دۆخی دەریا و شەپۆلی ئاو، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا وتی، شەپۆلی ئاو لە دەریای ناوەڕاست و ئیجە، لە هیج کات و ساتێکدا ئامانی نییە و سیقەی لەسەر نییە.
بەپێی ئامارەکانی بەردەستی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە حەوت هەزار و 300 کۆچبەر گەیشتوونەتە کریت و گاڤدۆس لە یۆنان، لەکاتێکدا لە سەرجەم ساڵی 2024دا، چوار هەزار و 935 کۆچبەر گەیشتوونەتە سەر کریت و گاڤدۆس، تەنیا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا دوو هەزار و 550 حاڵەتی هاتنی گەشتیاران تۆمارکراوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025، رێژەی کۆچکردن بۆ کەناراوەکانی باشووری کریت بە ڕێژەی 350% زیادیکردووە.
دەریای ناوەڕاست بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگاکانی کۆچکردن دادەنرێت لە جیهاندا، لە ساڵی 2024، 672 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 15 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوون، لە ساڵی 2023، 962 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 539 کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون.