"بۆ دامەزراندن لە ئەولەویەتدان"

وەزیری پەروەردە: زیاتر لە 300 مامۆستای لەکارلادراومان داناوەتەوە

دەشتی عارف – هەولێر

وەزیری پەروەردە رایگەیاند، زیاتر لە 300 مامۆستای وانەبێژی لەکارلادراویان داناوەتەوە و ئێستاش بۆ دامەزراندن ئەوان لە ئەولەویەتدان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28.9.2025 بەردی بناغەی کومەڵگەی پەروەردەیی و سەنتەری راهێنانی مامۆستایان له‌ ناحیه‌ی داره‌تووی هه‌ولێر دانرا و ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لەوێ بوو، پەیامنێری 964 چووە لای و سەبارەت بە چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژی لەکارلادراو پرسیاری لێکرد کە ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار مامۆستا دەبێت، ئەو وتی، “لە ماوەکانی رابردوودا زیاتر لە 300 مامۆستامان داناوەتەوە و لە هەر شوێنێکیش بۆشایی دروست ببێت، ئەولەویەتی دامەزراندن بە ئەوانە”.

دەربارەی فرۆشتنەوەی کتێبە دەرسییەکانیش، ئالان حەمە سەعید وتی، ساڵانە بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە کتێبە کۆنەکان بە تەندەر دەفرۆشرێنەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری