"نمرەی وەرگرتن دادەبەزێ"

خوێندکارێک بەدەم پڕکردنەوەی زانکۆلاینەوە؛ زۆر زۆر گلەییم هەیە

964+

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

هەشت رۆژ ماوە دراوە بە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی، کە فۆڕمی زانکۆلاین بۆ گەشتن بە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە، لە سلێمانی و لە پەیمانگایەک نۆرە گیراوە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە و هەندێکیان قەلەقییان پێوە دیارە.

ئەمساڵ 57 هەزار  و 980 دەرچوویی وێژەیی و زانستی و پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان داواکاری پێشکەش دەکەن.

سەفین سەردار، مامۆستای پەیمانگە بە 964ی وت، ئەوان ریزبەندی بۆ دەرچووەکە دەکەن، کاتێک دەتوانن گوێ لە حەزی خوێندکارەکە بگرن، کۆنمرەکەی هاوتا بێت بەو کۆلێژ و پەیمانگەی کۆنمرەکەی ئەو بۆ وەرگرتن قبوڵ دەکات.

ئەو مامۆستایە دەڵێ، کۆنمرەی وەرگرتن دادەبەزێ ئەمساڵ، وە کۆنمرەی 80 بۆ پزیشکی دەبێ، وە بە گشتی دەرچووەکان دەبێ بزانن، کۆنمرەی پەیمانگە 60 و بۆ زانکۆ 65 و دەبێت ئەو کۆنمرەیەیان هەبێ.

پەیمانگەکان بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین، 20 بۆ 35 هەزار دینار لەە دەرچووەکان وەردەگرن.

یەکێ لەو دەرچووانە لەگەڵ باوکی هاتبوو، ئەو ویستی هەبوو لە کۆلێژ بەشێکی پزیشکی وەریبگرێ، بەڵام کۆنمرەکەی کەمە، ئەو وتی، خوێندکار لیرە ناتوانی بە حەز هەڵیبژێری بەشی دڵخوازی و زۆر زۆر گلەییم لەوە هەیە.

پڕۆسه‌ی پێشکەشکردن لە رۆژی سێشەممەوە، 23 ی ئەیلولی 2025 کاتژمێر 1:00ـی دواى نیوەڕۆ دەستی پێکردووە، بۆ ماوەى هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئاماژەش دراوە بەوەی، ده‌رچووان لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچوان ده‌بێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).

جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لەپێناو بەرژەوەندی دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی رێکارێکی تازەی گرتووەتەبەر، دەرچوان کاتێک دەیانەوێت فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە پێویستە یەک ژمارە مۆبایل داخڵ بکەن و پاشان کۆدى OTP لە ڕێگەى کورتە نامەوە بەدەست دەگات، زۆر گرنگە دەرچوان ژمارەى تەلەفۆنى خۆیان بەکاربهێنن و بە پێچەوانەوە ئەگەر هەر ژمارە تەلەفۆنێکى دیکە بەکاربهێنێت لە رووى یاساییەوە بەرپرسیار دەبن.

زانیاری زیاتر بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی ئۆنلاین، ئاشنابوون به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن.

زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی کارا کرا

زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی کارا کرا