"دەبوونەهۆی شکاندنەوەی درەختەکان و بێزارکردنی هاوڵاتیان"

رێگای تانکەر و بارهەڵگرەکان لەناو قەزای دەربەندیخان جیا دەکرێتەوە

شۆڕش قادری

رێگای تانکەر و بارهەڵگرەکان لەناو قەزای دەربەندیخان جیا دەکرێتەوە و چیدی رێگەیان پێنادرێت بەناو سەنتەری شار و شەقامی سی مەتری یەکەمدا بڕۆن.

سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، دوای هەوڵێکیان و بەمەبەستی رێگریکردن لە بارهەڵگرەکان بە تێپەڕبوونیان بە ناوەندی شار و سی مەتری یەکەم، بەربەست دادەنرێت.

“چیدی بارهەڵگرەکان ناتوانن بە ناوەندی شار و شەقامی سی مەتری یەکەمـدا بڕۆن کە بەشێکیان دوای کاتژمێر 12ـی شەو بەو شەقامانەدا دەڕۆیشتن و زۆرجار دەبوونە هۆکاری شکانەوەی درەختەکانی ناوشار و بێزارکردنی هاوڵاتیان، بەتایبەت دانیشتووانی سەرهێڵی سی مەتری”، سلێمان محەمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی سلێمانی بە گوژمەی زیاتر لە 40 ملیۆن دینار جێبەجێدەکرێت.