"خەتەرێکی گەورە لەسەر نەوت بەڕێوەیە"

دانیشتوانى سلێمانی رای جیاوازیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان هەیە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

هاوڵاتیانی سلێمانی رای جیاوازیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان هەیە و پێیاوایە، ئەو بڕیارە بە تەنیا کێشەی موچەخۆران و خەڵکی کوردستان چارەسەر ناکات.

دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانەوە پەیامنێری 964 چووە بازاڕی سلێمانی و رای چەند هاوڵاتییەکی لەسەر ئەو پرسە، وەرگرت، تەها کەریم دەڵێت، “رۆیشتن و راوەستانی نەوت عیلاقەی بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە نییە، بەڵکو عیلاقەی بەو سیراعانەوە هەیە کە لەسەر ناوچەکە و مارکێتینی نەوت دروست بووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە بەشێوەی کاتی کەسانێک ئیستفادە لە رێککەوتنەکانی بەغدا و هەرێم بکەن، بەڵام بۆ داهاتوو خەتەر و مەترسییەکەی گەورە لەسەر کۆی بابەتی نەوت بەڕێوەیە.

ئاوات محەمەدـیش وەک هاوڵاتییەکی دیکەی سلێمانی وتی، گەشبین نییە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان و داوا لە حکومەت دەکات، بەخۆیدا بچێتەوە و گوێ لە داواکاری و موعاناتی خەڵک بگرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 27.9.2025 و دوای 918 رۆژ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە دەستیپێکردەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری