درێسى ئامەد سپۆر
"یانەکەمان بۆ ئێوە"
یانەى ئامەد سپۆر سزادرا؛ بەهۆى نوسینى کوردى لەسەر تشێرتى یاریزانەکانى
ژوورى هەواڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) یانەی تۆپی پێی ئامەد سپۆری بە بڕی 110 هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 2،600 دۆلاری ئەمریکی) سزا دا، بەهۆی هەبوونی دروشمێکی کوردی لەسەر درێسی یاریزانەکانی.
ئەم بڕیارە کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەو هەنگاوەی بە “هێرشکردنە سەر زمانی دایکیی ملیۆنان کورد” وەسف کرد و رایگەیاند کە ئەو جۆرە سیاسەتانە دەبنە هۆی رووبەڕووبوونەوەی خەڵک بە هێرشی رەگەزپەرستانە.
رۆژی پێنجشەممەى رابردوو، یانەی ئامەد سپۆر لە حەوتەمین هەفتەی خولی تورکیادا میوانداریی یانەی سەکەریا سپۆر کرد، لەناو یاریەکەدا یاریزانانی یانەی ئامەد سپۆر ئەو جلانەی لەبەریان کردبوو لە بەشی پێشەوەیدا بە زمانی کوردی (دروشمێک) وەک ریکلام نوسرابوو.
لە دروشمەکەدا کە لەدوای ریکەوتنی نێوان گرووپی کۆمپانیاکانی تەزگەل و ئامەد سپۆر کراوە نوسراوە (کۆما مە بۆ نا وە Koma me bona we) واتا (یانەکەمان بۆ ئێوە).
ئەمە لە کاتێکدا بۆ یەکەم جارە لە مێژووی تۆپی پێی تورکیادا یانەیەک دروشمی سەر جل و بەرگەکانی بە کوردی بنوسێت، دەستەی کارگێڕی ئامەد سپۆر یش ئامەژەیان بەوەداوە کە ئەوان ڕێگەپێدانیان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا وەرگرتووە بۆ ئەو نوسراوە.
هەر ئەمڕۆش لیژنەی دیسپلینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بە بیانوی (ئەمە لە دژی بریار و راسپارادەکانی فیدراسیۆنەکەیە) یانەی ئامەد سپۆری بە بڕی 110 هەزار لیرە، سزادا.