بۆ هاندەرانی زاخۆیە
هاتوچۆی زاخۆ؛ ئەوەی جادە بگرێت 10 روژ ئۆتۆمبێلەکەی رادەگیرێت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
سێ وەرزە لەسەر یەک سەرکەوتنەکانی یانەی زاخۆ دەبێتە هۆی گرتنی شەقامەکان و دروستبوونی قەرەباڵغی لەناو تەواوی جادە و شەقامەکانی بازاڕ و پردی دەلال، بەمەش هاتوچۆ بەتەواوی تا کاتژمێر 01:00ـی شەو پەکی دەکەوێت.
ئەمرۆ پێنجشەممە، هاتوچۆی زاخۆ بڕیاریدادوای یاریەکان هەر ئۆتۆمبێلێک رێگا لەهاوڵاتیان و شوفێران بگرێت ئۆتۆمبێلەکانیان دەستبەسەرکەن و سزای داراییش بدرێن.
موقەدم محەمەد سلێمان، وتەبێژی هاتوچۆی زاخۆ بە 964ـی وت، جاری وا هەبووە هاتوچۆ لەتونێلی زاخۆ بۆ ماوەی سێ کاتژمێر زیاتر بەتەواوەتی پەکی کەوتبوو، قەرەباڵغیەکی ئێجگار زۆر لەشەقامی پردی دەلال دروستدەبوو، بۆیە بڕیارماندا چیتر رێگە بەئاهەنگگێڕانی ئەوان و گرتنی شەقامەکان نادرێت چونکە چەندین حاڵەتی لەناکاو هەیە وەک گواستنەوەی نەخۆش و دەوامی هاوڵاتیان.
وتیشی، هەر شوفێرێک رێگا بگرێت 10 روژ ئۆتۆمبێلەکەی دەستبەسەر دەکرێت و سزای سەرپێچی گرتنی شەقامیشی بۆ تۆماردەکرێت بۆ ئەوەی هاتوچۆ لەو شەوانەدا ئاسایی بێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی