لە کەرکوک
تاوەرێکى کارەبا ترسى خستووەتە دڵى دانیشتوانى گەڕەکێک
کاروان ساڵی-کەرکوک
تاوەرێکی کارەبای زەخت عالی لە ناوەڕاستی کۆڵانێکی لە گەڕەکی سەرچنارى شارى کەرکوک، ترسى خستۆتە دڵى دانیشتوونى کۆڵانەکە و داوا دەکەن، هەتا شتێکى خراپ نەقەوماوە لایببەن.
وەک ئەوەى دانیشتوانى گەڕەک باسى دەکەن، تاوەرەکە لە زستاندا مەترسییەکانى زیاتر دەبێت، کاتێک بایەکى بەهێز دێت گڤە گڤەکەى ترسناکە و وا هەست دەکەیت دەکەوێت.
ترسى ئەوان زیاتر لەسەر منداڵەکانە، چونکە دەچنە ژێر تاوەرەکە یارى دەکەن، بە وتەى ئەڵماس عەبدول کە ژنێکى دانیشتووى گەڕەکەکەیە و بۆ 964 قسەى کردووە، دەڵێت: مەعقول نییە، بەهۆى ئەوەى کۆڵانەکە زێدەڕۆیە ئەو مەترسییەمان لەسەر دروست ببێت، تەنانەت ئاگاداریشیان کردوین کە ئەگەر شتێک روویدا خۆمان بەرپرسیارین”.
سەرچاوەیەک لە کەرتی دابەشکردنی کارەباى رەحیماوە بە 964ـی وت،”ئەو تاوەرە 12هێڵی گواستنەوەی کارەبای زەختی عالی لەسەرە، چەندین ساڵە هەیە و نوێ نییە، بەڵام هەندی کەس بەشێوەی هەڕمەکی خانوی زیادەڕۆی دروستکرد، پێشتریش ئاگادار کراون کە هیچ نەبێت 100 مەتر دوربکەون لێوەی بەڵام بێ سود بوو، بۆیا بەڵێننامەیان پێ پڕکرایەوە کە هەر ماڵێک توشی زیانبوو ئەوە بەهیچ شێوەیەک بۆیان نییە داوای قەرەبو بکەن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح