رووداوەکە لە مەریوان روویداوە

لە دوکانێکی لەحیمچی تانکەرێک تەقیەوە و وەستاکارێک گیانی لەدەستدا؛ کەسێکی دیکەش بریندارە

شۆڕش قادری

بەهۆی تەقینەوەی تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە مەریوان، لەحیمچییەک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری بابەک هێدایی سەرۆکی ناوەندی فریاگوزارییەکان لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 23.9.2025 لە دوکانی لەحیمچییەکی شاری مەریوان تانکەرێکی گواستنەوەی سوتەمەنی تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە وەستای لەحیمەکە گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو لەحیمچییە چووەتە ناو تانکەرەکە و لەحیمکاری کردووە و دواتر رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە، هەرچەندە تیمەکانی فریاکەوتن و ئامبوڵانس هەرزوو چوونەتە شوێنەکە، بەڵام پێش گەیشتنیان، ئەو وەستایە گیانی لەدەستداوە.