قیرتاو دەکرێت
رێگا تۆزاوییەکەی شاری زەیتون نامێنێت
+964
دەشتی عارف ـ هەولێر
شەقامە 300 مەترییەکەی بەردەم پڕۆژەی نیشتەجێبوونی زەیتون لە هەولێر قیرتاو دەکرێت، ئیتر ئەو شۆفێرانەی رێیان دەکەوێتە ئەو گەڕەکە، لە جادەی خۆڵ رزگاریان دەبێت.
رەنجدەر یونس، ئەندازیاری پڕۆژەکە بە 964ـی وت، “لەسەر داهاتی کۆمپانیای وان، کە دروستکەری شاری زەیتونە، شەقامەكە چاک دەکەین، لە رابردووداشدا 200 مەتری شەقامەکە قیر کرابوو، ئێستاش ئەو 300 مەترەی ماوە ئەویش ئەمڕۆ دەست بە قیرکردنی سایدێکی کراوە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا سایدەکەی دیکەش قیر دەکرێت و بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە، بەمەش هاوڵاتیانی ناحیەی دارەتوو، قەزای بنەسڵاوە و گەڕەسۆر، کێشەی هاتوچۆیان نامێنێت”.
ئەو شەقامەی ئەو ئەندازیارە باسی دەکات، کەوتووەتە بەردەم شاری زەیتون و دەچێتەوە سەر شەقامی دارەتوو ـ بنەسڵاوە، شەقامەکە نزیکەی 10 ساڵە بەو شێوەیە خۆڵە و ئێستا بە شێوازێکی مۆدێرن قیر دەکرێت .
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا