خورماڵ

دوای شەش ساڵ گوندی عاموورە دەبێتەوە خاوەنی بنکەی تەندرووستی

ئەمەل ناجی – خورماڵ

لە ساڵی 2019ـەوە بەهۆی نەبوونی کارمەندی پێویست، بنکەی تەندروستی گوندی عاموورە لە سنووری قەزای خورماڵ چۆڵکرابوو، پاش شەش ساڵ و دوای دابینکردنی کارمەند و پێداویستی ئەمڕۆ بنکەکە پاککراوەتەوە و لە هەفتەی داهاتوەوە دەکرێتەوە.

هاوکار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندرووستی شەهید عەلی شیعە لە خورماڵ بە 964ـی وت، دوای شەش ساڵ و بە هەوڵی بەڕێوەبەری تەندرووستی هەڵەبجە توانیومانە پێداویستی پزیشکی، مێز و کورسی و کارمەندێکێش بۆ ئەو بنکەیە دابینبکەین، وا بڕیارە لە هەفتەیەکدا رۆژێک و رۆژانی یەکشەممە دەوام لە بنکەی گوندەکەدا بکات.

روونیشیکردەوە، راستە لە رووی ئیدارییەوە بنکەی گوندەکە سەر بە مەڵبەندەکەی ئێمەیە، بەڵام بەهۆی خانەنشینبوونی چەند کارمەندێکمانەوە لە ئێستادا نەمانتوانیوە، کارمەند دابینبکەین، بەڵام هەر کاتێک کە جێی کارمەندە خانەنشینبووەکانمان بۆ پڕکرایەوە، ئێمەش دەتوانین کارمەندێک بنێرین بۆ ئەو گوندە.

گوندی عاموورە سەر بە قەزای خورماڵە و نۆ کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکەوە دوورە، ئەمڕۆ دوای خاوێنکردنەوەی بنکەی تەندروستیەکەی و دانانی پێداویستیەکان، بنکەکە ئامادەکراوە و لە یەکشەممەی داهاتووەوە بە رووی چارەخوازانی گوندەکەدا دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی