لۆفەکانی گوندی بۆگد و کڵێسە لە کۆیە
رێگای هەزاران گەشتیاری بەسەرەوەیە و بەڵام بێ بەربەست و هێڵکارییە
964+
عەزیز عەبدوڵا – کۆیە
ئەوەی مایەی نیگەرانیە بۆ گەشتیاران و گوندنشینانی گوندەکانی بۆگد و کڵێسە خراپی رێگەکەیان نییە، بەڵکو دانەنانی رێنمامی پێویستی هاتوچۆ و بەربەستە، تا مەترسیەکان کەمتر ببنەوە.
چەندین ساڵە ئەو دوو گوندە لە سنووری قەزای کۆیە بونەتە شوێنێکی گەشتیاری گرینگی سنوورەکە، بەوتەی گەشت و گوزاری کۆیەش تەنها لە هەشت مانگی ئەم ساڵ زیاتر لە 145هەزار گەشتیار رویان تێکردووە.
تاریق ئەحمەد شۆفێرە و بە 964ـی وت، بەهۆی نەبوونی بەربەست و رێنمایی بۆ شۆفێران چەندین جار بەدەستی خۆیان سەیارەیان لە خوار لۆفەکان دەرهێناوەتەوە، چونکە ئەوەی دێت بە زۆری گەشتیارە شارەزای شوێنەکەیان نییە.
وتیشی، “ئەو کاتەی رێگاکەمان بۆکرا ئەوەندەمان دڵ پێ خۆش بوو بیری ئەوەمان نەبوو کە بەوشێوازە گرفت بۆ شۆفێران دروست دەکات، چەندین جاریش ئێمە وەک خەڵکی سنوورەکە لەسەر ئەرکی خۆمان بە شۆفڵ رێگاکەمان فراوان کردووە.
ئیسماعیل عەبدوڵا بەرێوەبەری گەشت و گوزاری کۆیە بە 964ـی وت، دەزانین ئەو سنوورە فراوان بووە و ساڵ لەدوای ساڵ گەشتیار لە زایادبوونە بە بەراورد بەدوو ساڵی رابردوو کە هێشتا نزیکەی مانگی تەواو ماوە بۆ سەری ساڵ زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار زیادی کردووە.
ئاماژەی بەوەکرد، “ئێمە ئاگادارین لە مەترسی رێگاکە داواشمان بەرزکردووەتەوە بۆ پارێزگای هەولێر کە ئەم رێگەیە لۆد و قەرەباڵغی زۆری لەسەرە، بەدانانی هێماکانی هاتوچۆ و بۆیاخکردنی شەقامەکە، بەڵام جارێ هەر چاوەڕوانین نازانین کەی بۆمان جێبەجێ دەکەن”.
گوندی بۆگد و کڵێسە ئەو دوگوندەن کە سەربە ناحیەی ئاشتین لە قەزای کۆیە، ساڵانێکی زۆرە گەشتیار لە هەرێمی کوردستان و خواروی عێراق سەردانی دەکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی