لیوا رەشەکە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی کرد

گردبوونەوەی دانیشتووانی لیوا رەشەکە – میدیازان

میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان

دانیشتووانی گەڕەکی لیوا رەشەکەی کەلار گردبوونەوە و ناڕازین لە حکومەت تاوەکو ئێستا قەرەبووی نەکردوونەتەوە.

گەڕەکی لیوا رەشەکە لە کەلار ناسراوە، بریتیە لە یەک باڵەخانەی دوو نهۆمی و حەوشە و بانەکانی دەوروبەری، ١٥٠ ماڵی تێدا دەژی.

ئەو باڵەخانەیە کاتی خۆی بنکەی سەربازی بەعس بووە، کاتێک رژێم لە ناوەندی شاردا نەماوە، ئەو ماڵانە لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە و لەوێدا نیشتەجێ بوون.

بە قسەی دانیشتووانەکەی، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پێداون لە بەرانبەر مەترسی رووخانی خانووەکانیان، قەرەبویان بکاتەوە، بەڵام هێشتا هیچی لێ سەوز نەبووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە دانیشتووانی لیوا رەشەکە گردبوونەوە لە بەردەم ئیدارەی گەرمیان و ناڕازیبوونی خۆیان نیشاندا.

هەڵۆ حەسەن دانیشتویەکی گەڕەکی لیوا رەشەکەیە، بۆ میدیازان وتی، ئەو ماڵانەی لەو گەڕەکەدا ژیان بەسەر دەبەن لە دۆخێکی خراپدان و مەترسی رووخانیان لەسەرە، “دەمانەوێت دەستبەجێ لەلایەن شارەوانی کەلارەوە زەوییەکانمان پێبدرێت”.

پێشتر بەڵێنیان پێدراوە لە بەرانبەردا، زەوییان بەسەردا دابەشبکرێت.

ئەیوب حەبیب، دانیشتوویەکی دیکەی هەمان گەڕەکە و نیگەرانە لەوەی کە شارەوانی کەلار بە سستی کارەکانی قەرەبووکردنەوەی گەڕەکەکەیان جێبەجێ دەکات.

ئەو وتی، “پێنج ساڵە هاتوچۆمانە بۆ ئەوەی پارچەیە زەویمان وەک قەرەبوو بدەنێ و خانووەکانمان تەسلیمی حکومەت بکەینەوە”.

بە سۆراغی میدیازان، بڕیاری قەرەبووکردنەوەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دراوە، کە دەبێت ١٦٣ پارچە زەویان بەسەردا دابەشبکرێت، ١٥٠ بۆ دانیشتووانی لیوا رەشەکە و ١٣یان بۆ دانیشتووانی جەمەلۆنەکان.

دانیشتووانی جەمەلۆنەکان هەر لە کەلاردا ناسراوە و کەیسێکی هاوشێوەی گەڕەکی لیوا رەشەکەیە.