بە قورسى دەست بەکارکردن دەکرێت

چاوەڕوانییەکە سێ ساڵ و سێ مانگى تر دەخایەنێت؛ بۆ تەواوکردنى رێگاى چوارقوڕنە – دوکان

وریا فەتاح

پڕۆژەى رێگاى دووسایدى دوکان- چوارقوڕنە، ساڵى 2011 چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبوایە پێش 2014 تەواو بکرێت، بەڵام تائێستا تەنیا 18 کیلۆمەترى تەواو بووە، بەڕێوەبەرى نوێى پڕۆژەکە دەڵێت: ئەمجارە بە قورسى دەست بەکارکردن دەکەین و بە بەهاى 8 ملیار دۆلار ئامێرمان هێناوە.

پڕۆژەى رێگاى دوسایدى چوارقوڕنە- دوکان چییە؟

یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژە گرنگەگانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە، رێگاى سەرەکییە، دانیشتوانى ئیدارەى راپەڕین، سۆران، بەشێکى هەولێر و دهۆک بە  سلێمانییەوە، دەبەستێتەوە.

پڕۆژەکە لە مەفرەقى حاجیاوا، واتا لە دەروازەى چوارقوڕنەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە قەزاى دوکان و نزیکەى 55 کیلۆمەترە.

پڕۆژەکە سێ قۆناغە بەم شێوەیە:

قۆناغى یەکەم: لە مەفرەقى حاجیاوا دەستپێدەکات و لە رێگاى سماقوڵى کۆتایى دێت، درێژییەکەى 18 کیلۆمەترى دوو سایدە، کارەکانى ئەو قۆناغە تەواو بووە و تەنیا سیتمى هێڵ و رووناکى ماوە.

قۆناغى دووەم: لە رێگاى لادان بۆ سماقوڵى دەستپێدەکات تا دەگات بە خەلەکان کە درێژییەکەى 25 کیلۆمەترە، لە 2021 سایدێکى رێگاکە 7 کیلۆمەتر و 200 مەترى قیرکراوە و هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت.

قۆناغى سێیەم: لە دواى قۆناغى دووەم دەستپێدەکات تا دەگاتە ناو دوکان و درێژییەکەى 10 کیلۆمەترە و تائێستا دارى نەخراوەتە سەر بەرد.

چى نوێ هەیە؟

964 بەدواداچوونێکى وردى بۆ پڕۆژەکە کرد، ئێستا کۆمپانیایەکى نوێ بە دیزاینێکى نوێوە سەرقاڵن و لە نزیکترین کات دەستدەکرێتەوە بە کارکردن و کۆمپانیاى گەردین جێبەجێى دەکات.

ئەندازیار محەمەد ئەحمەد، بەرێوەبەرى پڕۆژەکە بە 964ـى وت،”بە بەهاى 8 ملیار دۆلار ئامێرمان کڕیوە و بەشێکى زۆریان گەیشتوونەتە سەر پڕۆژەکە و لە نزیکترین ماوەدا دەست بە کارکردن دەکەن”.

چەندى پێدەچێت؟

بەوتەى بەرێوەبەرى پڕۆژەکە 1000 رۆژ بۆ تەواوکردنى پڕۆژەکە دیاریکراوە، بەمەش لەماوەى سێ ساڵ و سێ مانگ بۆ چوار مانگ تەواو دەبێت.

چى ماوە تەواو بکرێت؟

پڕۆژەکە قۆناغى یەکەمى تەواو بووە کە 18 کیلۆمەترە و لە مەفرەقى حاجیاوا دەستپێدەکات و لە رێگاى سماقوڵى تەواو دەبێت، وەک ئەوەى ئەندازیارى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە باسى دەکات، لە کارکردنى نوێدا، قۆناغى دووەم و سێیەم کە 35 کیلۆمەتر کراوە بەیەک و لەو ماوەیەى کە دیاریکراوە هەردووکى تەواو دەکرێت، بەڵام سەرەتا ئەو بەشەى لە رێگاى سماقوڵى تا کانیوەتمان بەشێک کارى تێداکراوە، قیر دەکرێت و تا کۆتایى ساڵ تەواو دەکرێت؟

ئەمجارە جدین و کارکردن ناوەستێت، یان وەک جارەکانى تر پاش ماوەیەک کارکردن دەوەستێتەوە؟

لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا، محەمەد ئەحمەد وتى،”دنیایەک پارەمان خەرجکردووە لە کڕینى ئامێر، کۆمپانیا و حکومەت جدین و ئەمجارە بەڵێندراوە کە تەواو بکرێت، تەنانەت کۆمپانیا تا ماوەیەکى زۆر داواى پێشینە ناکەین و رەقەمێکى گەورەش بۆ ئەو بەڵێنە دانراوە کە سەلمێنەرى جدییەتى تەواوکردنى پڕۆژەکەیە”.