وشەیەک لە جێرۆم پاولەوە دەتوانێت بازاڕەکان بهەژێنێت

تاکە وشەیەکی ئەم پیاوە ئەمڕۆ ئاگر لە بازاڕ بەردەدات

ژووری هەواڵ

ئەمە جێرۆم پاولە، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمەریکاو بە هێزترین پیاوی ئابووری لە ئەمەریکاو جیهاندا.

ئەمڕۆ پاول قسە دەکات و هەموو جیهان گوێ دەگرێت، تەنانەت دۆناڵد ترەمپیش هیچی پێناکرێت و وەک هەر کەسێکی تر گوێ لە دەمی ئەم پیاوە دەگرێت و دەبێت دەست بە دوعا بێت قسەیەک نەکات ئابووری ئەمەریکاو جیهان دابڕوخێنێت.

پاول ئەمڕۆ دەچێتە سەر ستەیج و بڕیارەکانی بانکی ناوەندی ئەمەریکا دەخوێنێتەوە پەیوەست بە دابەزینی نرخی فایدە، بەڵام مەسەلەکە تەنیا بڕیارەکان نییە، ئەگەر جێرۆم پاول بە تۆنێکی توڕەو ناڕەحەت قسەیکرد ئەوا بازاڕی هەموو جیهان دەشڵەژێت، ئەگەر بە نەرم و نیانی و لەسەرخۆ قسەیکرد ئەوە جەژنی وەبەرهێنەکانەو بازاڕ دەبووژێتەوە.

ئەوەی کە لەبازاڕی جیهاندا قسەی هەیە پاولە نەک ترەمپ،تاکە وشەیەکی پاول ئاڕاستەی هەموو بازاڕەکانی جیهان دیاریدەکات. ترەمپ لە مێژە دەیەوێت پاول و ئەندامانی بانکی ناوەندی لەسەر کار لابدات، بەڵام بەهۆی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتەوە ترەمپ هیچی لە دەست نایەت.