سەیروسەمەرە
بەڵێ فەرموو، من وتەبێژەکەی دۆناڵد ترەمپم
+964
مستەفا نەهرۆ
بەڵێ فەرموو، من وتەبێژەکەی دۆناڵد ترەمپم.. با ئەوەشتان پێ بڵێم ژنان بۆى شێت بوون…
ئەمە چیرۆکى وتەبێژە وەهمییەکەى دۆناڵد ترەمپە، ئەو پیاوەی کە لە خۆی زیاتر سەرسامی ترەمپ بوو.
لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، لە کاتێکدا ترەمپ وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی بواری خانووبەرە و میدیا دەردەکەوت، رۆژنامەنووسان بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی ژیانی پیشەیی و تایبەتی پەیوەندییان بە نووسینگەکەیەوە دەکرد، زۆرجار، پیاوێک بە ناوی “جۆن میلەر” یان “جۆن بارۆن” وەڵامی دەدانەوە، کە گوایە وتەبێژی ڕاگەیاندنی ترەمپن، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەمە خودی دۆناڵد ترەمپ بوو کە لە پشت پەردەوە قسەی دەکرد.
چیرۆکەکە ماوەیەکى زۆر رۆژنامەنوسانى فریودا، دووبارەترین قسەش کە هەمیشە دەیوتەوە ئەوەبوو،”ژنان بۆ ترەمپ شێت بوون”.
ئەم وتەبێژە وەهمیانە، تەنها زانیاری ئاساییان بە رۆژنامەنووسەکان نەدەدا. بەڵکو بە شێوازێکی سەرسوڕهێنەر، دەکەوتە مەدح و سەناى ترەمپ، وەک ئەوەی گەورەترین هەواداری بن.
بۆ نموونە، جارێکیان کە پرسیاریان لێکردبوو ترەمپ بۆ لە فڵانە کچ جیا بووەتەوە، “جۆن میلەر” وتبووی:”برا گیان، ئەکتەرە بەناوبانگەکان خۆیان تەلەفۆنی بۆ ئەکەن! مادۆنا خۆی داوای لێئەکات لەگەڵی بچێتە دەرەوە، هەموو ژنە ناودارەکان بەدوایەوەن”.
مادۆنا گۆرانیبێژێک و مۆدێلێکی ئەمریکییە، داماوە ئاگاى لە هیچ نەبوو، بەڵام وتەبێژەکەى ترەمپ کە ترەمپ خۆى بوو، ئەو بوختانەى بۆ دەکرد.
بەڵام وردە وردە، گومانەکان زۆر بوون. رۆژنامەنووسە زیرەکەکان هەستیان بە شتێکی سەیر دەکرد… دەنگی “جۆن میلەر” لەسەر تەلەفۆنەکە، لە رادەبەدەر لە دەنگی ترەمپ خۆی دەچوو!
نەک هەر تۆنی دەنگ، بەڵکو هەمان شێوازی قسەکردن… هەمان ئەو وشانەی کە ترەمپ هەمیشە دووبارەی دەکردنەوە. ئیتر گومانەکان بوون بە یەقین. نهێنییەکە لەبەردەم ئاشکرابووندا بوو.
کاتێک رۆژنامەنووسێک بە ناوی سو کارسوێڵ، راستەوخۆ تۆمارە دەنگییەکەی رووبەڕووی ترەمپ کردەوە و لێی پرسی ئەمە دەنگی تۆ نییە؟
ترەمپ سورهەڵگەڕا و شڵەژا و بە پێکەنینەوە دانی پێدا نا کە ئەمە “گاڵتەیەک بووە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە”. کە ئەمە شێوەیەک لە شێوەکان دانپێدانان بوو.
لەدوای چەندین ساڵ کاتێک لە 2016ـدا ترەمپ خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید کرد، دووبارە تۆمارە دەنگییەکە بڵاوبووەوە، ئەوکاتە ترەمپ بە تەواوی نکووڵی لێکرد و وتی: “ئەوە من نیم، یەکێک بووە ویستوویەتی لاسایی دەنگی من بکاتەوە”
لە کۆتاییدا بەهێزترین بەڵگە لەسەر ئەم چیرۆکەی ترەمپ ئەوەبوو، هەمان ئەو رۆژنامەنووسەی پرسیارەکەی لە ترەمپ کرد. چوو تۆمارە دەنگییەکەی بۆ خۆشەویستەکەی ئەوکاتەی ترەمپ، مارلا مێیپڵز لێدا، یەکسەر دەنگی ناسییەوە و بە گریانەوە وتی: بەڵێ ئەمە دەنگى ترەمپە.