بەهاکەی شکان لەسەر شکان تۆمار دەکات

بازاڕ پڕ بووە لە تمەن و کەس نایەوێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

تمەنی ئێرانی تا دێت زیاتر بەهاکەی لە دەستدەدات و هەر 100  دۆلارێک لە شەش ملیۆن تمەن نزیک بووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 25.2.2023، تمەنی ئێرانی گەیشتە 5 ملیۆن و 400 هەزار بەرامبەر هەر 100 دۆلارێک، ئەوەش شکانێکی مێژووییە، کە ئەو دراوە بەخۆیەوە نەیبنیوە.

لە دوای رێکارەکانی حکومەتی عێراق بۆ رێگریکردن لە بردنەدەرەوەی دۆلار بەتایبەت بۆ ئێران ئەو دراوە زیاتر شکا.

سەفەر عەبدوڵڵا، کە ماوەی 25 ساڵە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لەشاری سلێمانی کار دەکات بە تۆڕی964ـی وت: زۆری تمەن لە بازاڕدا وایکردووە ئەو دراوە بەردەوام روو لەشکان بێت، چونکە نە لە ناوخۆی ئێران و نە لە دەرەوەش کەس تمەنی ناوێت تا دێت لە بازاڕەکاندا زۆرترت دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی964، سەرەڕای زۆری تمەن لەبازاڕدا بەردەوامیش چاپ دەکرێت و تەنیا لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ 2022 نزیکەی 50 ترلیۆن تمەن چاپ کراوە.