لە عێراق و هەرێمى کوردستان
پاسەوان: شکۆى ئەو کەسانەى هاوکارى کۆمەڵایەتیان پێدەدرێت نەپارێزراوە
964+
وریا فەتاح
رێکخراوی پاسەوان بۆ توێژینەوەی سیاسەتە گشتییەکان، لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی چاکسازیی یاساییدا، هەڵسەنگاندنێکی وردی بۆ سیستمی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و کۆمەڵێک کەلێنی سەرەکیی لە یاساکانی ئەم بوارەدا دەستنیشان کردووە.
دانا جەمیل، لە تیمى رێکخراوى پاسەوان بە 964ـى رایگەیاند: ئەم هەڵسەنگاندنە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، پاسەوان بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگەی IDSی بەریتانی ئەنجامى داوە و دوو توێژینەوەی تایبەت لەسەر ئەزموونی ژیانی وەرگرانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی و ئاستی بەرپرسیارێتی لەم بوارەدا کراوە، هەروەها، دەرەنجامەکان بوونەتە بنەمای پرۆژەیەکی نوێ بۆ چاکسازیی یاسایی، کە تێیدا چەندین راسپاردە ئامادەکراون بۆ پێشکەشکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
وەک ئەوەى دانا جەمیل روونى کردەوە، پرۆژەکە کە لە مانگی ئایاری 2023 دەستیپێکردووە و 11 یاسای تایبەت بە پاراستنی کۆمەڵایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستانی هەڵسەنگاندووە، ئەم کەلێنە سەرەکیانەی خستووەتەڕوو:
ترافیکی یاسایی: بوونی چەندین یاسای جیاواز کە بابەتی پاراستنی کۆمەڵایەتی روماڵ دەکەن، کێشەی بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکار دروستکردووە.
نەبوونی یەکسانی: هیچ دەقێکی دیاریکراو لە یاساکاندا نییە کە گەرەنتیی یەکسانی و دادپەروەری بکات لە گەیشتن بە هاوکارییەکان.
پشتگوێخستنی هاوکاریی نافەرمی: هاوکاریی کۆمەڵایەتی نافەرمی لە هیچ کام لە یاساکاندا ڕێکنەخراوە.
پاراستنی شکۆمەندی: یاساکان دەقیان لەسەر پاراستنی نهێنی و وەرگرتنی وێنە و ڤیدیۆی سوودمەندبووان نەداوە، کە ئەمەش شکۆی مرۆییان دەخاتە مەترسییەوە.
لاوازیی شەفافیەت: بنەماکانی شەفافیەت و رێگریکردن لە جیاکاری لەسەر بنەمای (رەگەز، ئایین، نەتەوە، وەلائی سیاسی) بە تۆکمەیی نهچەسپێندراون.
پرۆژەکەى پاسەوان، کۆمەڵێک راسپاردەی گرنگی ئامادەکردووە کە ئاراستەی پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، پەرلەمانی کوردستان، و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
وەک ئەوەى دانا جەمیل باسى دەکات، راپۆرتەکە دەدرێتە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یەکێتی ئەوروپا، ILO, WFP, و UNICEF. گرنگترین راسپاردەکان بریتین لە:
لە بواری چاکسازیی یاسایی:
کۆکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە یەک یاسای گشتگیر و تۆکمەدا.
گرتنەبەری ڕێبازی ماف (rights-based approach) و قەدەغەکردنی هەموو جۆرە جیاکارییەک.
دامەزراندنی دەزگایەکی چاودێریی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەرنامەکان.
دڵنیابوونەوە لە پاراستنی شکۆمەندیی وەرگرانی هاوکارییەکان.
لە بواری چاکسازی و هەماهەنگی:
چارەسەرکردنی کێشەکانی گەیاندنی هاوکاری و نەهێشتنی زەبری کۆمەڵایەتی (Social Stigma).
کەمکردنەوەی بەربەستە بیرۆکراتییەکان بۆ ئاسانکاریی زیاتر.
سوودوەرگرتن لە تۆڕە نافەرمییەکان و پشتگیریکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
دروستکردنی داتابەیسێکی ناوەندی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی سوودمەندبوون.
دامەزراندنی سەنتەرێکی تایبەت بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کەمئەندامی، و گۆڕینی سیستمی ڕێژە بۆ سیستمی “ئاست” (نزم، مامناوەند، بەرز).
دەستپێشخەرییە درێژخایەنەکان:
بەرەنگاربوونەوەی بەربەستە سیاسییەکان، بەتایبەت کێشەی بودجە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.
چارەسەرکردنی لایەنە دەروونی و کۆمەڵایەتییە پشتگوێخراوەکانی پرۆسەکە.
پێشخستنی هاوسەنگیی جێندەری لەناو رێکخراوەکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتیدا.
گۆڕینی مۆدێلی هاوکاریی کورتخایەن بۆ پرۆسەیەکی بەردەوام و درێژمەودا.
دانا جەمیل جەختیش دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی بنیاتنانی سیستمێکی پاراستنی کۆمەڵایەتی دادپەروەر، شەفاف و کاریگەرە کە شکۆی هەموو هاوڵاتییەک بپارێزێت و گەرەنتیی ژیانێکی شایستەیان بۆ بکات.