"نەیکەنە بانگەشەیەکی سیاسی"
سەنتەرێکی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکانی ئەنبار دەکات
فەرهاد حەسەن
سەنتەری نێودەوڵەتی جنێڤ بۆ دادپەروەری، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی پیشەیی و سەربەخۆ لەو گۆڕە بە کۆمەڵانە بکەن کە بەم دوواییانە لە پارێزگای ئەنبار دۆزراونەتەوە و هۆشداریشیداوە کە ئەم دۆسیەیە نەکرێتە بانگەشەیەکی سیاسی.
بەپێی بەیاننامەیەکی سەنتەرەکە، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە بە دواداچوون بۆ بانگەوازی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەسوکاری قوربانیان دەکات سەبارەت بەو گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوانە، ناڕەزایەتیشی دەربڕیوە بەرامبەر ئەو لێدوانە بەپەلانەی کە قسەی جۆراوجۆر لەسەر رووفات و گۆڕەکان دەکەن پێش تەواوبوونی پشکنینە پزیشکییە دادییەکان و شیکارییەکانی DNA.
سەنتەرەکە دەڵێت “هەر رووفاتێک کە دەدۆزرێتەوە، هی مرۆڤێکە کە ناو، خێزان، ماف و یادەوەری هەیە، بۆیە هەر گۆڕێکی بە کۆمەڵیش لێکەوتەی تاوانێکە کە دەبێت بە پێی بەرزترین پێوەرە دادی و مافناسییەکان بپارێزرێت و لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت”.
جەختی لەوەش کردەوە، راگەیاندنی دەستبەجێی ناسنامەی قوربانییەکان یان کاتی بەخاکسپاردنیان، بە “پێشێلکارییەکی مەترسیدار دژ بە راستی” و بێڕێزیکردن بە ئازاری خێزانی هەزاران بێسەروشوێن و ونبوو دادەنرێت.
دوێنێ یەکشەممە، پارێزگای ئەنبار روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە بڵاوکردەوە کە لە “دەشتی عەکاز” سەر بە شارەدێی سەقلاوییە دۆزراوەتەوە و جەختی کردەوە ئەو دەنگۆیانەی باس لە دۆزینەوەی پاشماوەی 1500 تەرم دەکەن دوورن لە راستییەوە و تیمە تەکنیکییەکانیش بەپێی رێکارە یاسایی و فەرمییەکان بەردەوامن لە کارەکانی گەڕان و پشکنین.