بوونەتە دوو بەش و هەریەكەی خۆی بە حەق دەزانێت
شۆفێرانی هێڵی باقوبە – سلێمانی گردبوونەوە و دەڵێن هێڵەکەیان فەرمییە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
شۆفێرانی هێڵێ سلێمانی باقوبە (دیالە) كێشەیان كەوتووەتە ناو، بەشێكیان لە تێرمینالی سلێمانی و بەشێكیان لە تێرمینالی شارەزوورن، ئەوانەی سلێمانی رازی نین ئەوانی شارەزوور هێڵەكەیان هەبێ و نەفەر بگوازنەوە، جەماعەتی تێرمێناڵی شارەزووریش دەڵێن مۆڵەتی فەرمییان هەیە و دەیانەوێت بێ كێشە كاری خۆیان بكەن.
عەبدولڕەحمان جەلال شۆفێری هێڵی سلێمانی – باقوبەیە و كۆمەڵێك نووسراوی پێیە و بۆ 964 دەڵێت، ئەمڕۆ مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە، كە نەفەر لە سلێمانی بۆ باقوبە بگوازنەوە، بەڵام شۆفێرانی هێڵەكەی دیكە، كە لە تێرمیناڵی سلێمانین لە تاسڵوجە رازی نین و دەڵێن نابێ ئەمان ئەو كارە بكەن.
خۆی كێشەكە لەسەر گواستنەوەی نەفەرە لە لایەن هەردوو هێڵەوە، هەردوولا بە مافی خۆیان دەزانن تەنیا ئەوان لە هێڵەكە كار بكەن، بەڵام عەبدولڕەحمان جەلال دەڵێت، ئەوە رێگەیەكی گشتییە و جیا لەوەش ئەوانەی نەفەری بەغدا دەگوازنەوە، نەفەری باقوبەش دەگەیەنن، بەڵام ئەوان تەنیا هێڵێكن تایبەت بە باقوبە و تەنیا نەفەری ئەوێ دەگوازنەوە و ژمارەیان 32 شۆفێرە.
شۆفێرانی تێرمیناڵی شارەزوور مۆڵەتیان وەرگرتووە
سەبارەت بەم كێشەیە، جەمیل كەمال سەرۆكی گواستنەوەی سلێمانی بە 964ی وت، “ئێمە نەمانتوانیوە ئۆتۆمبێلەكانی تێرمیناڵی شارەزوور كۆنتڕۆل بكەین، تەنانەت سەیارەی خسووسیش هەیە نەفەری باركردووە.
وتیشی، ئەم كارە خزمەتە بە خەڵكی سلێمانی، گرفتەكەش ئەوەیە شۆفیرانی هێڵەكە بێنە تێرمێناڵی شارەزوور، هێڵەكە ئیجرائات دەكات و نایەڵێت كەسی تر نەفەرەكان بگوازێتەوە.
هەروەها دەڵێت: ئەمە گرفتێكی گەورە نییە، پێشم سەیرە باسی ئاسایشی سلێمانی و ئیدارەی گشتی كراوە و گوایە لە پشت ئەوانەن، نازانم بۆچی ئەوەی بیەوێت كار و خزمەتێك بكات، بەو شوێنانەی دەبەستنەوە و باسی ئەوان دەكرێت”.
ئەو كێشەیە هێشتا چارەسەر نەكراوە و شۆفێرانی هەردوولا چاوەڕێن چارەسەر بكرێ و دارێك بە نێوانیاندا بهێنرێن و كێشەكە بە رێگەیەكی یاسایی چارەسەر بكرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا