کۆڕبەندی ئابووری نێوان هەرێم و هۆڵەندا لە هەولێر
"كارئاسانیتان بۆ دەكەین"
هۆڵەندا پەرە بە كاره بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
محەمەد فاتیح
هۆڵەندا بەنیازە پەرە بە كاری بازرگانی بدات لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا و بۆ ئەم مەبەستەش، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەت و بازرگان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا، کونسوڵگەری گشتيی هۆڵەندا کۆڕبەندێکی ئابووری رێکخست.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بڵاویكردەوە، کونسوڵی گشتيی هۆڵەندا، لە كۆڕبەندەكەدا وتى، “وەک کونسوڵگەری، دەمانەوێ پەرە بە بازرگانی بدەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هاتووین کۆمپانیا کوردستانی و هۆڵەندیيەکان لێک نزیک بکەینەوە، هانتان دەدەین و ئاسانکاریتان بۆ دەکەین، ئێستا دەرفەتە بۆ ئێوە، كه نوێنەرانی کۆمپانیا هۆڵەندیەکان بناسن و سوود لە دەرفەتەکانی هەردوولا وەربگرن”.
لەلایەن خۆیەوە سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتى هەرێم كوردستان وتى:
-وەک حکومەتی هەرێم، پێشوازی لەهەموو ئەو دەسپێشخەریانە دەکەین، کە دەبنە مایەی سوود بۆ هەردوولا.
-هۆڵەندا لە زۆر بوار پێشکەوتووە، بە تایبەت کشتوکاڵ و شیرەمەنی .
-هۆڵەندا رۆلی خۆیان بینیوە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی زیاتريان لێ دەكەین.
-لەگەڵ فەڕەنساش پەیوەندییەکانمان لەهەموو روێکەوە باشە، لەگەڵ ئیتاڵیاش بە هەمان شێوە، بۆیە جەخت دەکەینەوە لە بواری ئابووری و بازرگانی بەرەوەپێش بچین.
-هیوادارین بارودۆخەکە بەرەوباشی بڕوات و هۆڵەندا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێم واژوو بکات.
-دەتوانین ئێرە بكەین بە دەروازەیەک بۆ هەموو عیراق، بۆ کاروباری ئابووری و بازرگانی.