"مانگگیران پێویستی بە عیبادەتە"
موسڵمانانی سلێمانی نوێژی مانگگیرانیان ئەنجام دا
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
لە مزگەوتی بیلال حەبەشی لە سلێمانی موسڵمانان بەبۆنەی دیاردەی مانگگیرانەوە کۆبوونەوە و بەیەکەوە نوێژی سوننەتی مانگگیرانیان ئەنجام دا.
مامۆستا هۆشیار جەعفەرانی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی بیلال حەبەشی بە 964ـی وت، ئێمەی موسڵمانان بۆ هەموو خۆشی و ناخۆشییەکان عیبادەتمان هەیە، کاتی خۆرگیران، مانگیران و وشکە ساڵی عیبادەت دەکەین و لە خوا دەپاڕێینەوە بۆ ئەوەی لە خوا نزیک ببینەوە و خواش رەحمەت و بەرەکتی خۆیمان بەسەردا بدات.
وتیشی، ئەمە سوننەتی پێغەمبەرە و ئەو خۆی رێنمایی موسڵمانانی کردووە و فێری ئەو نوێژەی کردووین، چونکە نوێژ نزا و پاڕانەوەیە بۆ ئەوەی خوا لە کارەسات و ئافات بەدوورمان بکات.
باس لەوەش دەکات، کە جاران خەڵک لە کاتی مانگگیراندا تەقەتەقیان کردووە بۆ ئەوەی مانگگیران کۆتایی بێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، ئێستا خەڵک زیاتر تێگەیشتوون لەوەی مانگگیران و خۆرگیران بە تەقەتەق کۆتایی نایەت و پێویستی بە عیبادەتە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر