
شاری کەرکوک - Social Media
دوو بەڕێوەبەر بۆ دزیکردن ناوی نەخۆشیان ساختە کردووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک ناوی نەخۆشی وەهمی نوسراوە بۆ ئەوەی پارەی خۆراکەکەیان بخۆن، لەسەر ئەمەش بەرپرسی بەشەخۆراکی ئێستا و پێشووى نەخۆشخانەکە دەستگیرکران.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەسپاکی عێراق، کە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەرپرسانی نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک لە 1ـی تشرینی دووەمی 2022 تاوەکو 19ـی شوباتی 2023 چەندین ناوی ساختە و کەسی مردوویان بۆ ئەو لیستە زیادکردووە کە بۆ پێدانی خواردن تۆمارکراون لەلیستەکەدا.
یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دانی بە تاوانەکەیدا ناوە
“بەرپرسی ئێستای بەشەخۆراکی نەخۆشخانەکە دانی بەوەداناوە کەدەستکاری لیستی ناوی نەخۆشانی نەخۆشخانەی کردووە، بەئاگاداری و رەزامەندی بەرپرسی پێشووی خۆراک، کەئەویش دەستگیرکراوە”. بەشی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەسپاکی عێراق وادەڵێت.
ئەو دوو بەرپرسە بەپێی مادەی 340ی سزادانی عێراقی دەستگیرکراون، کە سزای زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت دەسەپێت بەسەر هەر بەڕێوەبەرێکی گشتی یان بریکارێک کە بەئەنقەست زیان بەسامان یان بەرژەوەندی ئەو دامودەزگایە بگەیەنێت کەکاری تێدا دەکات.