زیانی گیانی نەبوو
ئۆتۆمبێلێک لە سەرکەپکان بە تەواوی سووتا
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
لە دوو سایدی سەرکەپکان لە راپەڕین، ئۆتۆمبێلێک لەکاتی رۆیشتندا ئاگری گرت و بە تەواوی سووتا، باش بوو زیانی گیانی نەبووە.
فاخیر ئیبراهیم، شایەتحاڵی رووداوەکە بە 964ـی وت،” کاتژمێر 10:00 ئەمشەو لەبەر چاوی من ئۆتۆمبێلێک ئاگری گرت لە دووسایدی سەرکەپکان، لە کاتی رۆتشتندا گڕی گرت و شوفێرەکە ئۆتۆمبێلەکەی راگرت و ئاگرەکە زیاتر بوو، بە جۆرێک کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم بوو، تا تیمی بەرگریی شارستانی هاتن، ئۆتۆمبێلەکە کەڵکی نەما و بە تەواوی سووتا، دواتر ئاگرەکەیان کووژاندەوە.
وتیشی، ئۆتۆمبێلەکە جۆری مازدایە و شوفێرەکەشی گەنج بوو، سەرنشینی لەگەڵ نەبوون، ئەوەی باشە زیانی گیانی نەبوو.
شایەدحاڵەكە دەڵێت، هۆكاری ئاگرەكە نادیار بوو، ئەوەی بینیمان لە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە دووكەڵ و ئاگر بەرپا بوو.
هەر لە بارەی رووداوەكە، عەلی قادر، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین بە 964ـی وت، ” پێش کاتژمێر 10:00 ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرتووە بەڵام زۆر دوای ئەم کاتە پەیوەندیان بە بەرگریی شارستانییەوە کردووە، دەبوو دەستبەجێ پەیوەندیان کردبا، تا تیمەکانی ئێمە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی سووتاوە.
وتیشی، ئۆتۆمبێلەکە جۆری مازدایە و هیچ زیانی گیانی نەبووە و شوفێرەکە سەلامەتە”
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا