کۆنگرەی رۆژنامەوانی ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی - وێنە: 964
ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر
“لە خراپترین سێ ناوچەی سلێمانی زەویمان پێ دراوە”
ئەحمەد مستەفا
ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانی گردبوونەوە و دەڵێن، ئەو 17 هەزار پارجە زەوییە لە سلێمانی دابەشکراون، لە خراپترین سێ شوێنی سلێمانی دیاری کراون.
گلەییەکەی ئەوان لەسەر ئەوەیە، شارەوانی جیاوازی کردووە لەنێوان فەرمانبەرانی سەرۆکایەتییەکەی و فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی دیکەی شارەکە.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4.9.2025 بەڕێوەیان برد، نوێنەرەکەیان ئاماژەی بەوەشکرد، داوا دەکەن شارەوانی “تالانکردن”ی زەوییەکان رابگرن، ئەو کارەی کراوە، وەک دزینی موچە و مافەکانیان وایە.
ئەو نوێنەرەیان ئاماژەی بەوەشدەکەن، زەوییەکانی سلێمانی جاوی بازرگانی و تەماحی لەسەرە، ئەوەی ئێستا کراوە ستەمە و داوای راگرتنی دەکەین، وە مامۆستا و فەرمانبەران، شایەنی زەوی نایابن.
پێشتر، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، دەستکراوە بە دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی، کە لیژنەکانی دابەشکردنی زەوی هەڵدەستن بە کاری وردبینیکردن بۆ فۆرمی داواکاری بە زەوی فەرمانبەران كە بەلیستی ناوەكانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
شارەوانییەکە وتبووی، بۆیە داواکارین لە سەرجەم فەرمانگەکان کە فەرمانبەرانیان ئاگاداربکەنەوە لەم خاڵانەی خوارەوە.
1- ئەگەر فەرمانبەر پێشتر سوودمەند بووە و فۆڕمی پڕکردۆتەوە و زانیاری دروستی نەداوە.
2- ئەگەر فەرمانبەری گرێبەست فۆڕمی پڕکردۆتەوە و بەهەڵە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەتەکەی خۆی.
3- ئەگەر فەرمانبەر خزمەتی فعلی 8 ساڵ کەمتر بێت و فۆڕمی پڕکردبێتەوە بە هەڵە و بەسەر لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا تێپەڕیبێت.
4- ئەگەر هاتوو هەردوو هاوسەر فەرمانبەربن و هەردوولا فۆڕمیان پڕکردبێتەوە.
شارەوانی وتی، پێویستە بە نوسراوی فەرمی فەرمانگەی پەیوەندیدار ئاگادارمان بکاتەوە بە پێچەوانەوە بەپێی ئەو بەڵێننامەیەی کە پڕی کردووەتەوە لە کاتی پێشکەشکردنی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن وە هەروەها پێویستە فەرمانبەرانی فەرمانگەکان ڕاستەوخۆ سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی نەکەن بۆلای لیژنەی دابەشکردنی زەوی بەڵکو هەر داواکارییەک یاخود پرسیارێک یاخود کێشەیەکیان هەبێت لیژنەکانی خۆیان ئاگادار بکەنەوە.
شوێنی ئەو سێ سێکتەرە بەم شێوازەی خوارەوەیە، سێکتەری لاوان لە بەشێک لەم کەرتەکانە پێکهاتووە:
بەردەکەڕ
چەقڵاوە
سەدوبیست
زڕگوێز
سەماوات
ناوگردان
سێکتەری فەرمانبەران لە بەشێک لەم کەرتانە پێکهاتووە:
کەڵەوانان
چەقژ
قایکند
دارتووی مەولانا
کانی مەندەم
قەمەرتلێ
سورگا
کەندەکەوە
سێکتەری سۆتکە لە بەشێک لەم کەرتانە پێکهاتووە:
سۆتکە
سورگا
قولەرەیسی