"مەڵبەندێکە بۆ ناساندنی کولتوور و مێژوو و زمانی ئەرمینیا"
کەنیسەی (مریم العذراء) کەم وێنەیە لە هەموو کوردستان و عێراق
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
کەنیسەی (مریم العذراء) لە زاخۆ ساڵی 2024 لەلایەن حکومەتی کوردستان و بە هاوکاری رێکخراوێکی هەنگاریا و ئەرمەنەکانی زاخۆ، دروستکراوە کە کەنیسەیەکی کەم وێنەیە لە هەموو کوردستان و عێراق.
کەنیسەکە لەسەر رووبەری هەزار و 300 مەتری چوارگوشە بۆنیاتنراوە، تەنیا مەراسیمی ئایینی تێدا ئەنجام نادرێت، بەڵکو شوێنێکە بۆ پێشوازی لە کەسایەتی ئەرمەنەکان و لەهەمانکاتدا مەڵبەندێکە بۆ فێرکردنی منداڵەکانیان بە کلتوور و مێژوو و زمانی ئەرمینیا.
ئەرمەنەکانی زاخۆ لە 240 خێزان پێکدێن کە نزیکەی 1400 کەس دەبن و گەورەترین کۆمەڵەی ئەرمەنەکانن لە هەموو عێراق.
داود هونان نوێنەری ئەرمەنەکانی زاخۆ بە 964ـی وت، “لەساڵی 1915 ژمارەیەک خێزانی ئەرمەنەکان لەخاکی تورکیاوە بەرەو زاخۆ کۆچیان کردووە، بێ ئەوەی بزانن روویان لە کوێ کردووە، دوای بیستنی زەنگی کەنیسەیەک، بەیەکتریان وت، هاتووینەتە شوێنێکی ئارام و لێرە دەمێنینەوە”.
باسی لەوەش کرد، لەساڵی 1923 کەسایەتی ناوداری زاخۆ هازم بەگ زەوی و کەرەستەی پێویستی دابینکردووە بۆ ئەرمەنەکان بۆ بۆنیاتنانی کەنیسەیەک، ئەوانیش بە لم و قوڕ کەنیسەکەیان دروست کردووە، تا لە ساڵی 2024، کەنیسەی (مریم العذراء) لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاری رێکخراوێکی هەنگاریا و ئەرمەنەکانی زاخۆ، دروست کراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری