دیسان کارکردن لە رێگەی سماقوڵی وەستاوە

964+

مەجید بيتوێنی

رێگەی سماقوڵی بۆ هەولێر رێگەیەکی سەرەکییە و  پارێزگای سلێمانی بە هەولێر دەبەستێتەوە، رێگەکە تەواو خراپ بووە و شۆفێران و خەڵکی ناوچەکەشی بێزار کردووە، ئێستاش جارێکی دیکە کارکردن تێیدا وەستاوە، کە ماوەیەکەی نۆژەنکردنەوەی دەستیپێکردووە.

رێگەکە بە تەنیشت بەنداوی سماقوڵی و ناو گوندی سماقوڵیدا دەڕوات، کە ناوچەیەکی گەشتیارییە، لەگەڵ گەیشتن بە سەرەتای ڕێگەی بەنداوەکە و دوای بەنداوەکە هەڵکەندراوە و پڕە لە چاڵ و چۆڵ، بڕیاربوو ڕێگەیەکی تازە دروستبکرێت، بەڵام دوو مانگە کارکردن لە پڕۆژەکەدا بە تەواوی وەستاوە.

محەمەد نازم، شۆفێری بارهەڵگرە و بە تۆڕی 964ی وت، ساڵانێکی زۆرە بەو رێگەیەدا هاوتوچۆ دەکات، رێگەکە کەڵکی نەماوە و سەیارەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، جگە لەوەی چەندان رووداوی هاتوچۆ بەهۆی خراپی رێگەکەوە روو دەدات.

باوەڕ رەشید، دوکاندارە لە سماقوڵی، بۆ تۆڕی 964ی وتی، سماقوڵی ناوچەیەکی گەشتیارییە، ئەگەر باران بێت، دەبێتە قوڕ و چڵپاو و  گۆماو، ئەگەر بارانیش نەبێت تەپ و تۆزی زۆر دروستدەبێت، ئەمەش وایکردوە بازاڕی ئەوان خراپ بێت و گەشتیاران بێزار دەبن.

درێژی رێگە خراپبووەکە  لە دوو کیلۆمەتر زیاترە و لە 24.7.2022 دەست بە چاککردنی کرا،  دەبوو لە ماوەی 270 رۆژ تەواو بکرایە، بەڵام کارەکانی بە سستی دەڕوات و وەک پێویست کاری تێدا ناکرێت.

خەتاب قادر، بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر بە تۆڕی 964ی ڕاگەیاند “پڕۆژەکە بە بڕی ملیارێک و 446 ملیۆن دینار چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، تائێستا لە 50% ی پڕۆژەکە تەواو کراوە، بەڵام بەهۆی بوونی زێدەڕۆیی لە لایەن خەڵکەوە لەسەر ڕێڕەوی ڕێگەکە و هاتوچۆکردنی ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگر لە نێوان هەولێر و سلێمانی بە شێوەیەکی بەردەوام، هەروەها بەهۆی بوونی کێشەی تەکنیکی لە نێوان بەنداوی سماقوڵی و رێگەکە، کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە.

خەتاب قادر ئاماژە بەوە دەکات چاوەڕێدەکەن کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی کارەکانی پرۆژەکە دەستپێبکاتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی