دوای تەواوبوونی وادەكە دەبێتە پارە
دواوادە بۆ نوێکردنەوەی کارتی خۆراک دیاریی کرا
محەمەد فاتیح
زیاتر لە چوار ملیۆن هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان، كارتی بەشەخۆراكیان نوێكردووەتەوە و ئەوەشی لە وادەی خۆی نوێی نەكاتەوە دەبێت پارە بدات، دواوادەش بۆ نوێکردنەوەی کارتەکە دیاریی کرا.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی بازرگانی، 37 ملیۆن هاوڵاتی لە سەرانسەری عێراق كارتی ئەلیكترۆنیی خۆراكیان نوێكردووەتەوە و 1.9.2025، وەك دواوادە بۆ نوێكردنەوەی كارتەكە دیاری كراوە.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق دەڵێت، رێژەی بەشداریكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە نوێكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك گەیشتووەتە 85%.
“رێژەی پارێزگای هەڵەبجە 89%یە، پارێزگای هەولێر 87% و پارێزگای سلێمانی 86% و پارێزگای دهۆك 82%، واتا چوار ملیۆن و 601 هەزار هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان كارتی ئەلیكترۆنی خۆراكیان نوێكردووەتەوە” محەمەد حەنون وای وت.
باسی لەوەشكردووە، دواوادە بۆ نوێكردنەوەی كارتەكە، سەرەتای مانگی داهاتووە و دوای ئەو رێکەوتە دەبێت هاوڵاتیان بۆ نوێكردنەوەی كارتی بەشەخۆراك سەردانی ناوەندەكانی خۆراك بكەن، یان بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراق، پارە بدەن بۆ دەركردنی كارتی خۆراك.