باری تەندروستی بەڕێوەبەری تیمی فڕۆکەوانی سلێمانی ناجێگیرە
وردەکاری کەوتنە خوارەوەی کۆپتەرەکەی سلێمانی
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێک لە شاخی ئەزمەر کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی کە پێشمەرگەیەک بووە گیانی لەدەستداوە، ئەمڕۆ بە رووداوەکە زانراوە و داوا لە تیمی فڕۆکەوانی سلێمانی کراوە بڕۆن و تەرمەکە بگوازنەوە، بەڵام لە کاتی هەڵگرتنەوەی تەرمەکە یەکێک لە پەروانەکانی کۆپتەرەکە بەر شاخەکە کەوتووە و بەهۆیەوە کەوتووەتە خوارەوە.
پەیامنیری 964 لە نزیک شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، بەهۆی رووداوکەوە سێ کەس بریندار بوون، کە یەکێکیان عەمید حسێن فەیزوڵا، بەڕێوەبەری تیمی فڕۆکەوانی سلێمانی بووە و زیان بەر سەری کەوتووە و باری تەندروستی جێگیر نییە، دووانەکەی دیکەشیان ئەفسەرێک و پاسەوانێکی عەمید حسێن بوون.
ئێستا بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە و لەژێر چاودێری پزیشکی دان و چارەسەر وەردەگرن.