دوو کەس سووتاون و بریندارن
ئاگرەکەی هەڵاڵاوەی پێنجوێن دووبارە سەری هەڵدایەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
ئاگری گوندی هەڵاڵاوای سنووری پێنجوێن دوای کۆنتڕۆڵ کردنی، درەنگانی شەوی رابردوو دووبارە سەری هەڵدایەوە و لە ئێستادا ئاگرەکە زۆر بەرفراوانە و پەیامنێری 964 دەڵێت، لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و دەنگی تەقینەوەش دەبیسترێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە مینێکی زۆری لێیە.
پەیامنێری 964 لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، تا ئێستا بەهۆی ئاگرەکەوە دوو کەس سووتاون، بەڵام برینەکانیان سوکە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون و هاوڵاتییانی خۆبەخش و تیمەکانیش سەرقاڵی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکەن.
ئاگرەکە دوێنی لە گوندی هەڵاڵاوا کەوتووەتەوە لە کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆ، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیاری نەکراوە و بەهۆی زۆریی دارستان و سەختی ناوچەکە، بە قورسی لە کاتژمێر نزیک هەشتی شەوی رابردوو تواندراوە کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام لە درەنگانی شەو بەهۆی دارە سووتاوەکانەوە ئاگرەکە دووبارە سەری هەڵداوەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر