"هەموو جەژنێک دەهێنرایە خوارەوە"
داوایەک هەیە بەرماڵەکەی پێغەمبەری ئیسلام بهێنرێتەوە بۆ کەرکوک
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەرماڵەکەی پێغەمەبەری ئیسلام، “محەمەد” درودی خوای لەسەر بێت، لە ساڵی 615 زاینی بەدیاری دەدرێت بە عوسمانی کوڕی عەفان بەبۆنەی گەڕانەوەی لە حەبەشەوە بۆ مەککە و پاشان پشتاو پشت نەوە دوای نەوە دوای چەندین سەدە دەگاتە دەستی بنەماڵەی عەلی ئەفەندی کە بە رێچکە دەگەڕێنە عوسمانی کوڕی عەفان وپاشان بەهۆی شەڕی عوسمانی و سەفەویەکان دەبردرێت بۆ تورکیا بۆ ئەوەی لەناو نەچێت.
وەک پێشنوێژی مزگەوتی سوجادە نەبەوی باسی دەکات لە کەرکوک، بەرماڵە لە خوری حوشتر دروستكرابوو، کە ئێستا زانیوویانە لە تورکیاوە هێنراوەتە بۆ بەغدایە و داوای گەڕانەوەی بۆ کەرکوک دەکەن.
دکتۆر ساماڵ بازیانی، پێشنوێژ و تارخوێن مزگەوتی سوجادە نەبەوی بە964ـی وت، بنەماڵەی عەلی ئەفەندی سەردانی تورکیا دەکەن و داوا لە حاکمی عوسمانی دەکەن بەرماڵەکەی پێغەمبەری ئیسلام بگەڕێننەوە بۆ کەرکوک، حاکم عوسمانیش بەمەرجێک رازی دەبێت ئەوەش دەبێت مزگەوتێک دروست بکرێت و بەرماڵەکەی تێدا دابنرێت و بپارێزرێت.
بۆیە لە ساڵی 1875 زاینی ئەم مزگەوتەی ئێستا لەگەڕەکی بڵاغ دروستدەکرێت بەناوی سوجادە نەبەوی و بەرماڵەکە دەهێنرێتەوە لە ناو سندوقێک دادەنرێت قوفڵ دەکرێت ئەو سندوقە بە زنجیر بەرزدەکرایەوە لە ناو گومەتی مزگەوتەکە دادەنرا لە جەژنی رەمەزان و قوربان دەهێنرایە خوارەوە، بەڵام لە ساڵی 2000 عیزەت دوری بەپلانێک دەیبات بۆ بەغدا، پاشان بەهۆی تێکچوونی بارودۆخەکە لە ساڵی 2003 دەبرێتەوە بۆ تورکیا.
لە دواین بێنە و بەردەی پاراستنی بەرماڵەکە، دکتۆر ساماڵ وتی، بەپێی بەدواداچونم بۆ بەرماڵەکە لە ساڵی 2012 لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق دەگەرێنرێتەوە لە ئێستادا لە مۆزەخانەی نیشتمانی له بەغدا داندراوە، ئەمە چیرۆکی بەرماڵەکەی پێغەمبەری ئیسلامە لە کەرکوک.
مەلا بەدرەدین محێدین دانیشتوی گەڕەکی بڵاغ لە کەرکوک بە 964ـی وت، منداڵ بووم دەهاتم بۆ مزگەوتەکە کە ئەو کات وەک تەکیە وابوو کاتێک، بەرماڵەکە لە گومەتەکەوە دەهێنرایە خوارەوە دانیشتوانی گەڕەک و نوێژخوێنان بە ژن و گەورە و بەتەمەن و ریش سپی سەردانیان دەکرد ، بۆ ئەوەی مرازیان بەدی بێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا