هەفتەی سێیەم لەناو زیندان

لە دۆسێی شاسوار عەبدولواحید چی روویدا؟

964+

ژووری هەواڵ

تاکو سێشەممەی داهاتوو شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ سێ هەفتە لە زیندان تەواو دەکات، ئەو کات رەنگە بڕیارێک بدرێت بە ئازادکردنی یاخود نا، چونکە ئەمڕۆ دادگای سلێمانی بۆ دووەمجار بڕیاریدا کاتی دادگاییکردنەکەی دوابخات بۆ رۆژی 2ی ئەیلول، تا ئەو کاتەش دەستبەسەر دەمێنێتەوە.

یەکەمجار نییە شاسوار عەبدولواحید بە هۆکاری جیاواز دەستگیر دەکرێت، بەڵام هیچ جارێکیان بەقەد ئەمەیان تووڵی نەکێشا.

شەوی سێشەممە 12ی ئاب لە کاتژمێر 10ی شەو پۆلیسی سلێمانی چوونە گوندی ئەڵمانی بۆ ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید جێبەجێ بکەن.

ماوەیەک دوای ئەوە پەیامێک هات بۆ میدیاکان، وەرن سەعات 12 وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی کۆنگرەی رۆژنامەنووسی هەیە.

لە کاتی دیاریکراو سەرکەوت ئەحمەد هاتە بەردەم 36 مایکی کەناڵەکانی راگەیاندن و لە کۆنگرەیەکدا کە 1 خولەک و 16 چرکەی خایاند ئاوا قسەی کرد: ”بەپێی بڕیاری دادگای کەتنی سێی سلێمانی دوو، لەسەر فەرمانی د ەستگیرکردنی ژمارە (251/ کاف/2021) فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکرا، ئێوارەی ئەمرۆ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی سلێمانییەوە ناوبراو دەستگیرکرا”.

لە ناو رۆژنامەنووسانەوە دەنگ بەرزبووەوە بۆچی ئێستا، سەرکەوت ئەحمەد وتی: ”قوربان پۆلیس کەی بە گونجاوی زانی ئەو کاتە ئەچێتە سەر خەڵک”.

رۆژانی دواتر ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە شاسوار عەبدولواحید لە بنکەیەکی پۆلیس دەرکەوت، ئەو کاتەی دەیگوازنەوە بۆ زیندان، لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کاتی ماڵئاوایی شاسوار عەبدولواحید تەوقە لەگەڵ پۆلیسەکان دەکات و لەو کاتە یەکێکیان دەڵێت ”سەیارەیەکی باشی بۆ دابنێن”.

ئەمجارە لەسەر سکاڵایەکی شادی نەوزاد پەرلەمانتاری پێشوو دەستگیرکراوە بە تۆمەتی ”هەڕەشەکردن و ناوزڕاندن”، داواکەی هی ئێستا نییە، بەڵکو هی ساڵی 2019ە.

کاتی دادگاکە هۆکارە بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بڵێت ئەم دۆسێیە سیاسییە، چونکە ئەوان دەپرسن ”خێرە دوای شەش ساڵ لەسەر ئەو دۆسێیە دەستگیر دەکرێت؟ لە کاتێکدا نزیکەی دوو مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؟”.

لە دیوی دادگاوە وەڵامەکە ئەوەیە: ”چەندین جاری تر ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام ئامادە نەبووە”.

هەر ئەمە نییە، چەند دۆسێیەکی دیکەش لەسەر شاسوار عەبدولواحید هەیە، باسی قەرزەکانی حکومەت و پشکەکانی چاڤیلاند و زۆر شتی تر دەکرێت، بەڵام قسەیەکی یەکلاکەرەوە نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.08.2028 دادوەر دادگاییەکەی دواخست، کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئێوارە لە کەناڵی NRT قسەیکرد و وتی ”من لەوێ هەم شاهید بووم و هەم دوایش مامەوە، شاسوار عەبدولواحید وتی ئەگەر هەڕەشەم لە هەر کەس کردووە با بەڵگەکان بخەنە روو، بەڵام بەڵگە نەبوو”.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە کە ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان 15 کورسی هەیە و سێیەم هێزە لە دوای پارتی و یەکێتی، هەمانکات بزنسمانێکی دیارەو چاڤیلاند و گوندی ئەڵمانی و کەناڵی NRTی و چەند پرۆژەیەکی تری هەیە، بۆیە زۆر جار لەم داوایانە دۆسێ سیاسی و بازرگانییەکانی تێکەڵ دەبن