لەسەر رێگای چەمچەماڵ - تەکیە
بە دوو رووداوی هاتوچۆ پێنج کەس بریندار بوون
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
کەمێک پێش ئێستا لە دوو روداوی هاتوچۆدا لەسەر رێگای چەمچەماڵ – تەکیە پێنج کەس برینداربوون.
شێرزاد محەمەد لە راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ بە 964ـی وت،” رووداوی یەکەم لە جۆری پێکدادان بە دووری دوو کیلۆمەتر لە ناحیەی تەکیە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری ئۆباما رویداوە، رووداوی دووەمیش لە جۆری وەرگەڕانە و ئۆتۆمبێلێکی تاکسیە کەوتووەتە سەرپشت.
وتیشی، پێنج کەس لە رووداوی پێکدادانەکە هەبووە، سەرجەمیان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چەمچەماڵ کراون، تیمەکانیش چوون بەدەم رووداوەکەوە تا ئاستەنگی هاتوچۆ دروست نەبێت.
چەند شایەدحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە بە 964 یان وت، رووداوی پێکدادانەکە لە ئاکامی پەرینەوەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکە روویداوە،
تەنها ئەمڕۆ 28.8.2025 لە ماوەی کەمتر لە یەک کاتژمێر دوو رووداوی جیا لەسەر شەقامی سەرەکی سلێمانی کەرکوک هەبووە، لە کاتێکدایە لەمانگی 11ـەی پار ساڵ کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ جێگیر کراون، بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.
پێداچوونەوە: توانا نەقی