پڕۆژه‌كه به دەرەوەی ناوەندەکانی شارەکان تێده‌په‌ڕێت
هەرێمی کوردستان خرایە ناو پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان”ى عێراق
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
هه‌ولێر و بەغدا بۆ پڕۆژه‌ى ستراتیژى “رێگەی گەشەپێدان”ـى عێراق کۆبوونەوە و باسیان له ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و خاڵه كرد كه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه سنوورى عێراق و توركیا بۆ پڕۆژه‌كه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، له‌كاتێكدا پێشتر هه‌رێم رایگه‌یاندبوو كه له گه‌ڵ به‌غدا نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پلاندانان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کرد کە ئامانج لێی گفتوگۆکردن بوو لەسەر میکانیزمەکانی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پڕۆژەکە.
میکانیزمەکانی بەستنەوەی شارەکان له‌و پڕۆژه‌یه‌دا، لە رێگەی رێگاوبان و هێڵی ئاسن بە رێگای سەرەکییەوە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین سوودی ئابووریە. ئەم پڕۆژەیە بەشدار دەبێت لە بەرزکردنەوەی گەشەپێدان لەو ناوچانەی کە تێیدا تێدەپەڕێت، بە رەخساندنی هەلی کار و دروستکردنی شاری ئابووری و پیشەسازی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێگاکە لە دەرەوەی ناوەندەکانی شارەکان دەبێت.
به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئانۆ جه‌وهه‌ر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم جەختی لە گرنگی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان کردەوە و بە “خەونی چاوەڕوانکراوی عێراق” وەسفی کردووه و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمى بۆ پڕۆژەکە و پابەندبوونی بە دابینکردنی باشترین هەلومەرج بۆ جێبەجێکردنی دووپاتکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەى ئه‌مڕۆدا بە وردی باس لە رێگەکانی پڕۆژەکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و خاڵە ترانزێتەکانی بەرەو سنووری تورکیا و سوودەکانی لە بواری ئابووری و گەشەپێدانی هەر وێستگەیەک کراوه.
له‌مانگى ئاداری ئه‌مساڵ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاندبوو، كه له‌گه‌ڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق نەگەیشتوون بەهیچ رێكەوتنێك لەسەر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
رێگای گەشەپێدان یان کەناڵی وشک پڕۆژەیەکی عێراقییە بۆ بەستنەوەی شەمەندەفەر و وشکانی نێوان تورکیا و ئەوروپا لە باکوور و کەنداوی عەرەبی لە باشوور، بۆ گواستنەوەی کاڵا لە نێوان کەنداو و ئەوروپا.
وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 27.5.2023 رایگەیاند، کە پڕۆژەکە لە رووی ئابوورییەوە خزمەت بە ناوچەکە دەکات و کاڵاکان لە ئەوروپاوە بۆ کەنداو و بە پێچەوانەوە لە رێگەی عێراقەوە دەگوازرێتەوە لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەواو بکرێت، بڕیارە پڕۆژەكە لە 2028 بە ئەنجام بگات.