"ئامادەین بمرین و زەوییەکانمان چۆڵ ناکەین"

جارێکی دیکە هێز چووە سەر زەویی جوتیارانی گوندی تەپەسەوز


سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 27.8.2025 جارێکیتر ژمارەیەک عەرەبی هاوردە بە پشتیوانی چەند هێزێك، کە لە بەرپەرچدانەوەی خێرا و پۆلیسی خۆجێی پێکهاتبوون، چوونە سەر زەویوزاری جوتیارانی کوردی گوندی تەپەسەوز لە سنووری خورماتوو، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری نوێکردنەوەی حەوت گرێبەستی زەویوزاری جوتیارانی کورد لەسەر ناوی جوتیارانی عەرەبی هاوردە، لە بەرامبەردا جوتیاران و دانیشتووانی گوندەکە بە هەڵدانی خێوەت و گردبوونەوەی ناڕەزایی رێگریان لە جێبەجێکردنی بڕیارەكە کرد.

یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی گەیشتینە شوێنی رووداوەکە و داوامان لە هێزەكان کرد کە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەدا بکرێت، بەو پێیەی هێزەکە هاتبوون پەنجەمۆر بە ژمارەیەک جوتیاران بکەن، بۆ ئەوەی زەوییەکان بکەن بە ناوی خەڵكی عەرەبی هاوردەوە، لە بەرامبەردا جوتیارەکان ئامادەی ئەو كارە نەبوون”.

وتیشی، قسەیان لەگەڵ هێزەکان کردووە بکشێنەوە و تا یەکلاکردنەوەی بڕیاری دادگا نابێت هیچ بڕیارێکی دیكە جێبەجێ بکرێت.

“حەوت کەسی عەرەب زەوییەکانیان لەناو مادەی 140 دەرھێناوە و گرێبەستەکانیان نوێکردووەتەوە و ئەمەش مافیان پێدەدا زەوییەکان بە شێوەی یاسایی داگیر بکەن و نوێکردنەوەی گرێبەستەکان و دەرکردنی لە ماددەی 140 خۆی لە خۆیدا پێچەوانەی یاسایە، ئەو حەوت عەرەبە خاوەنی 50 پارچە زەوی کشتوکاڵین و ئەم کارەی ئەنجامیان داوە جوتیارانی کوردی تووڕە کردووە، چونکە بە شێوەی یاسایی زەوییەکان داگیردەکەن و سوپا و حکومەتیش پاڵپشتیان دەکات”، ئەمە قسەی شەماڵ كاكەخانی نوێنەری جوتیارانی تەپەسەوزە بۆ 964.
ئەمە یەكەمجار نییە ئەو كەیسە دەبێتە كێشە و چەند جارێكی دیكەش هێز چووەتە سەر جوتیارانی كورد و زەوییەكانیان، ئەمەش لە كاتێكدا یاسا بۆ ئەم بابەتە لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە بۆ ئەوەی كێشەكان لە سەرجەم ناوچە كێشە لەسەرەكان لە نێوان كورد و عەرەبدا چارەسەر بكرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا