تاکە پشکێنەری دەستەبەری کۆمەڵایەتی راپەڕینە
دەستەبەری کۆمەڵایەتی راپەڕین بچوکەو لەئاست فراوانی سنورەکەدا نیە
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
خانمێک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، بە تەنیا وەک پشکبەر سەرقاڵی تۆمارکردنی کرێکارانە لە دەستبەری کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا سنوورەکەی چەندین قەزا و ناحیەی تێدایە، کە کرێکار و پیشەکار کاری لێ دەکەن.
بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی راپەڕین لە رانیەیە، لە ئاست بەرفراوانی سنورەکەدا بچووکە و کارمەندی پێویستییان نیە، دەشیانەوێ بەشەکەیان بکرێت بە بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندیشیان بۆ زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی بەتوانن بەئاسانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ هەموو کرێکارەکانی سنورەکەیان بکەن.
خونچە عەزیز، تاکە پشکێنەری دەستەبەری کۆمەڵایەتی یە لە ئیدارەی راپەڕین، ئەو بە 964ـی وت، لە هەموو ئیدارەی راپەڕین تەنیا یەک بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بوونی هەیە و ئەو بەشە 19 کارمەندی هەیە، بە تەنیا خۆم پشکنین بۆ کارگە و ریستۆڕانت و ئەوشوێنانە دەکەم کە کرێکاریان هەیە.
لە کاتێکدا، سنورەکە زۆر بەرفراوانە و بەتەنیا ناتوانم دەستەبەری هەموو کرێکارەکان بکەم، ئەو وتی، پێویستە کارمەندی پشکنینمان بۆ زیاد بکرێت، ئەو بەرپرسیارێتییە بە تەنیا لەسەرشانی من نەبێت، بتوانرێت هەموو سنورەکە کۆنترۆڵ بکرێت، بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی راپەڕینشیمان لە بەشەوە بۆمان بکرێت بە بەڕێوەبەرایەتی.
بەشێکی زۆری کرێکارەکانی سنوری ئیدارەی راپەڕین، مانگانە بڕی 150 هەزار تا 250 هەزار دیناریان پێدەدرێت، بەڵام بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بێت دەبێت بۆ هەر کرێکارێک، بڕی 450 هەزاریان لەلایەن خاوەن کارەوە بدرێ، دەستەبەری کۆمەڵایەتیشیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتودا هەر کرێکارێک کە 20 ساڵ خزمەتی هەبوو، تەمەنی بگاتە 60 ساڵ خانەنشین بکرێن.
ئەو زۆرجار لە دەرچوونەکانی تووشی گرفت دەبێ، بە تەنیایە و دەڵێ، بۆ من زۆرقورسە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ هەموو کرێکارەکانی سنورەکە بکەم، زۆرجار خاوەن کارەکان رووبەرومان دەبنەوە، بۆیە پێویستە پۆلیس یان ئاسایش لەگەڵمان بن و پارێزگاریمان لێبکەن و بۆمان دابین بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین ئاسانتر کارەکە بکەین.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا